وەیسی سەعید وەیسی
“خستنەڕووی چەند خالێک بۆ پارێزگاری لەکلتووری بەیەکەوەژیان تا هەمیشە کوردستان هەر بهچەتری فرهیی و پێكهوهژیان بمێنێتهوه”
ھەرچەندە بەردەوام کار دەکرێت لەپێناو برەودان بەکولتووری بەیەکەوەژیان و برەودان بە بەھابەرز و مرۆییەکانی ئایین و قووڵکردنەوەی فەرھەنگی تەبایی و لێبوردەیی لەنێوان سەرجەم پێکھاتەکان، کە ھەر ھاووڵاتیەك لە ھەر ئایین و نەتەوەیەک بێت ماف وئازادی پارێزراوبێت….
لەم ڕووەوە لە پێناو پەرەی زیاتر بە بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری بەیەکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان چەندخالێک دەخەینەروو؛
یەکەم : لەپرسی نووسینەوەی دهستوور، دەبێت دەستووری هەرێمی کوردستان، ڕهنگدانهوهی كۆمهڵگهی کوردستانی بێت، نموونهیهكی دڵنیایی بێت بۆ ههموو لایهك. چونکە بەبوونی دەستوورێکی مۆدێرن مافی تەواوی سەرجەم نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان دیاریدەکرێت، بەجۆرێك چۆن گەلی كوردستان شانازی دهكات به پێكهوهژیانی ئاشتییانهی نهتهوه و ئایینهكان، ئاواش دەبێت دهستووری كوردستان ڕهنگدانهوهی ئهو تایبەتمەندیە بێت.
دووەم : ڕێز له بیروباوهڕ و ههستی ئایینی و پیرۆزییهكانی ههموو ئایین و نەتەوە و مەزھەبێک بگیرێت، بە یاسا ڕێگه نهدرێت لهلایهن هیچ کهس و لایهنێکهوه ئازادی بقۆزرێتهوه بۆ بێڕێزیکردن به پیرۆزییهکانی ئایین و بەزاندنی سنوور و ھێلی سوور، چونکە ئەمە دهبێته هۆی پهرهسهندنی ڕق و كینه و ههڕهشه له پێكهوهژیان و ئاشتهوایی، کە بەدلنیاییەوە لەفەرھەنگی کوردستانیان جێگەی نابێتەوە، گەلی کوردستان شانازی بەم کەلتوورە دەکات پێویستە ئەو کولتورە بپارێزرێت و دەوڵەمەندتر بکرێت.
سێیەم : بایەخدانی زیاتر بەبابەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان لە ناوەندەکانی خوێندن، چونکە هیچ کۆمەڵگهیەک پێش ناکەوێت ئەگەر تەنھا پێکبێت لەیەک رەنگ و یەک زمان و یەک ئایین. بۆیەش گرنگە ھەر لە دەستپێکی خوێندنەوە ڕۆلەکانمان ئاشنا بکرێن بە چەمک و مانای پێکەوەژیان، چونکە ئەمە لەسەر بنەمای دانپیانان بەیەکتری دروست دەبێت، بوونی جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی نیشانەی باڵادەستی خوای گەورەیە، تا تاکەکانی کۆمەڵگه جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەن و دژی یەکتر نەبن، ئەم جیاوازییانە بنچینەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست دەکەن .
چوارەم : دەستنیشانکردنی ڕۆژێکی تایبەت بە (لێبوردەیی و بەیەکەوەژیان )لە ھەرێمی کوردستان وەک بۆنەیەکی فەرمی لە ڕۆژ ژمێری فەرمی ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت تا لەم ڕێکەوتەدا چالاکی تایبەت سازبکرێن لەسەرئاستی جیھان. ڕێکخراوی یۆنێسکۆ لەساڵی 1995
رۆژی شازدەی نۆڤێمبەری ھەمووساڵێکی وەک رۆژی لێبوردەیی لە جیھاندا ڕاگەیاندووە. بەڵام ھەبوونی رۆژێکی کوردستانی بۆ بلاوکردنەوەی ھوشیاری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیان گرنگی و بایەخی خۆی ھەیە، بۆزیاترپەرەدان بەکولتووری لێبوردەیی و گەشەپێدانی ھزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیان لەنێوان پێکھاتەکان.
پێنجەم : زیاتربڵاوکردنەوەی ھوشیاری ئایینی لە دامەزراوە ئایینیەکان، ھەرچەندە ناکرێت نکۆڵی لە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی سەرجەم پێکھاتەکان بکرێت کە کاریان کردووە لەپێناو پاراستنی ڕەوشی بەیەکەوەژیان، بەڵام پێویستی زیاتر بە بڵاوکردنەوەی ھوشیاری بەیەکەوە ژیان ھەیە لەناو کۆمەلگادا، چونکە پهیامی ھەموو ئایینەکان پەیامی مرۆڤایهتی و پێكهوه ژیان و یهكتر قبول کردنە.
بەوھیوایەم ههمووان پێكهوه كاربکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویهكی باشتر بۆ نهوهكانمان، كه ماف و ئازادی بۆ ههموو ئایین و نهتهوه و مەزھەبێک پارێزراوبێت.