مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت قوتابییان و لاوانی کوردستان، باوەڕیان بە خۆیان بێت و زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و لە ئاست گۆڕانکاڕی و پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-02-2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیرانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە “پێویستە قوتابییان و لاوانی کوردستان، باوەڕیان بە خۆیان بێت و زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و لە ئاست گۆڕانکاڕی و پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن.”
جێگری سەرۆکی پارتی، بە بۆنەی حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە هەردووڕێکخراوەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و ڕێنمایی و ڕاسپاردە و ڕێنوێنی پێویستی پێدان بۆ کۆنگرەی داهاتوویان کە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوەکەیە و بڕیارە لەم ساڵەدا ئەنجام بدرێت.

جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە مێژووی درەوشاوە و پڕ لە سەروەری ئەم دوو ڕێکخراوە کرد لە قۆناخە جیاوازەکاندا، لەمبارەیەوە گوتی: “شانازی دەکەم کە خۆم ئەندامێکی ئەم دوو ڕێکخراوە بووم و لە نزیکەوە ئاگاداری خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەردوو ڕێکخراوەکەم کە مایەی شانازیمانە.”
لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی پارتی، پابەندبوونی پارتی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی، بە پاراستن و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و ڕوونیکردەوە “پارتی، قوتابخانەی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەرییە و حزبی گەنج و لاوان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستانە و بە پاڵپشتیی و پشتیوانیی لاوانی کوردستان، داهاتوویەکی گەش لە بەردەم هەرێمی کوردستانە و بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر هەنگاو دەنێت.”