ستیاشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پەنادان و لە خۆگرتنی کریستیانەکان
ئەمڕۆ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشوازی لە پاتریارک کاردینال مار لویس روفائیل ساکو کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی، هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری و ڕێبوار یەڵدا بەڕیوەچوو، میرانی پێشوازی لە پاتریارک و شاندەکەی کرد کە بریتی بوون لە بیشۆپ مار باسیلیوس یاریدەدەری پاتریارک. جەختیشی لە سیاسەتی نەگۆڕی پارتی کردەوە کە وەک میراتێکی کۆنی بارزانی نەمر ماوەتەوە و لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هەر ئەویش بووە هۆی دامەزراندنی بنەماکانی ژیانی هاوبەش و ئاشتی لەنێوان پێکهاتەکاندا.
لای خۆیەوە پاتریارک، سوپاسی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و پاشان هەردوولا بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لەوەرگرتن و پەنادانی کریستیانەکان و تەئکیدیشی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە لەڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و هەروەها پێویستی بەشداریکردنی سەرجەم لایەنەکانی عێراق لەپرۆسەی سیاسیدا و لەپێناو سەرخستنی واقیعی وڵات.