بەسەرپەرشتى پارێزگاری هەولێر.. کۆبوونەوەى ژووری بازرگانى و شاندی هاوبەشی رێکخراوی تبسیادی تورکیا و ئیدارەی بەندەری مێرسین بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.2.19، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و کەریم سلێمان، بریکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە بەرپرسانى لایەنى پەیوەندیدار، لە چوارچێوەى هەوڵەکانى بەهێزکردنى ئابووری و جوڵە و باشترکردنى ڕه‌وشی بازرگانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا، کۆبوونەوەى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر و شاندی هاوبەشی رێکخراوی تبسیادی تورکیا و ئیدارەی بەندەری مێرسین بەڕێوەچوو.

له‌ کۆبوونەوەکەدا، تیشكی خرایە سه‌ر ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى هەولێر و رێکخراوی تبسیادی تورکیا و ئیدارەی بەندەری مێرسین و دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنى دۆخى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا، بەتایبەتى لە بەندەری مێرسین کە بڕیارە بازرگان بۆ لە مەودوا كەلوپەل و كاڵاكانیان لە رێگەی بەندەرەكەوە بگوازنەوە.

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان بۆ هەولێری پایتەخت، هەموو ئاسانکارى و هاریکارییەکی پارێزگای هەولێر بۆ سەرخستنی کارەکانیان نیشاندا و دووپاتیکردەوە وه‌كو پارێزگای هەولێر، هەموو هەولێکی خۆمان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی لەشارەکەمان و ئاماده‌ین ئاسانکاریی یاسای و کارگێڕى لە چوارچێوەى ڕێکار و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان، پێشکەش بە هەموو ئەو کۆمپانیا و بازرگانان و وەبەرهێنەرانى وڵاتانى تورکیا بکەین تاکو ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێرى پایتەخت.

له‌ كۆتایشدا، دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی باری ئابووری و دۆزینەوەی رێگاچارەی بۆ بەرەپێشبردنى زیاتر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا، هەردولا جەختیان له‌ هه‌موو پاڵپشتی و هاوکارى و هەماهەنگیه‌كى یەکتر کردەوە.