كارزان گلی – ههولێر
بە تۆمەتی سووكایەتیی كردن بە دادگای توركیا، داواكاری گشتی داوا دەكات ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، بە دوو ساڵ و چوار مانگ سزا بدرێت.
لە ٢٠١٩وە تاوەكوو ئێستا، چەندین دۆسییە لەسەر ئیمامئۆغڵو لە دادگا كراوەتەوە، بەڵام لە هیچ دۆسیەیەكدا دادوەر دوا بڕیاری نەداوە و دانیشتنەكانی دادگا دوا دەخرێت.
لە ٢٧ی١ی٢٠٢٥، ئیمامئۆغڵو، لە وتارێكدا هێرشی كردە سەر دادگای توركیا، بەوە تۆمەتباری كردن كە بێلایەن نین و لەسەر داوای كەسێك، كە مەبەستی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بوو، بڕیار دەدەن؟ ئەم گوتانەشی بۆیە گوت، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت و بێشكتاش قەیوم كرابوو، كە هەردوكیان لەسەر لیستی جەهەپە بوون.
ئیمامئۆغڵو، دوای ئەوەی دادگایی كرا و دانیشتنی دادگایی دوا خرا، هەروەها لە دۆسیەكەیدا ئاماژە درابوو كە داواكاری گشتی داوای كردووە دوو ساڵ و چوار مانگ سزا دەدرێت، لە میتینگێكدا لە ئیستانبۆڵ، بە توندی دژی دادگا هاتە دەنگ و گوتی: ”یەكەم دێر كە بەرپرسانی حكوومەت باسی دەكەن ئەوەیە، دادگا بێلایەنە، بەڵام ئێوە بڕوایان پێ مەكەن، سیاسەت تا بنەقاقای دادگا چووە و دەستی تێوەردراوە، ئەمەش بە ئاشكرا دیارە. سەركۆماری توركیا، لە ٢٠١٩ەوە دەیەوێت لەرێگەی دادگاوە لە سیاسەت دوورم بخاتەوە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە رێگەی پێنادەین.“
بەرپرسانی جەهەپە، لەبەردەم دادگای ئیستانبۆڵ ئامادە بوون، ئەمەش وەكوو پشتگیرییەك بۆ ئیمامئۆغڵو، لەناویاندا مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەراشی تێدابوو.
بەهۆی ئەو دۆسیانەی لەسەر ئیمامئۆغڵوە، كە شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، ئەگەر زۆرە ئیمامئۆغڵو سزا بدرێت و شارەوانییەكەشی قەیوم بكرێت، بۆیە جەهەپە، دەیەوێت لە هەڵبژاردنێكی ناوەخۆیی پارتەكەیدا، ئیمامئۆغڵو بكاتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، كە بەشێوەیەكی ئاسایی هەڵبژاردنی لە ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت، تا لەورێگەیەوە لە دەستگیركردن بیپارێزێت.
پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، بێدەنگن لە ئاست سیاسەتی قەیووم، كە بە پلەی یەك شارەوانییەكانی دەم پارتی قەیوم كراوە، بە پلەی دووش شارەوانییەكانی جەهەپە.
ئیمامئۆغڵو، لە دوو هەڵبژاردنی شارەوانییدا توانی بەسەر بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە سەركەوێت، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئاكەپەی نیگەران كردووە، بەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیدا، ئەگەر زۆرە لە ئەردۆغان بباتەوە، بۆیە تاكە رێگە بۆ ئەوەی ئیمامئۆغڵو نەچێتە ناو كێبڕكێوە لەگەڵ ئەردۆغان، سزادانییەتی لەسەر چەندین دۆسییە، ئەو سزادانەش دەبێتە هۆی ئەوەی قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ بكرێت.
ئیمامئۆغڵو لە درێژەی وتارەكەیدا بۆ هەزاران لایەنگری لە ئیستانبۆڵ گوتی: ”هەموو ئەو سزایانەی داوا دەكرێت بەسەرمدا بسەپێنرێت لە هەموو دۆسیەكاندا ٢٥ ساڵ زیندانیكردنمە، هەموو ئەو سزایانەش بە نهێنی ئیمزای ئەردۆغانی لەسەرە و لەسەر داوای ئەو بووە. من لێرەوە داوا لە ئەردۆغان دەكەم، كە با بەشێوەیەكی مەردانە بچینە سەر سندوقی دەنگدان، با وەكوو وەكوو قاسم پاشا هەڵسوكەوت بكەین، نەك وەكوو بیزانسەكان، كە دادگا بەكار دەهێنن بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، واز لەو یارییە بهێنە. میللەت كەسی بوێری خۆش دەوێت، هەروەها كەسی مەردی خۆش دەوێت.“