شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای ساڵانێکی زۆر لە خزمەتی هونەری و وەزیفیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، مەڕاسیمێکی شایستەی بۆ ژمارەیەک هونەرمەند و فەرمانبەری بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی بە ئامادەبوونی “ئاریان سەڵاحەدین” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر و جێگرەکەی ساز کرد.
تیایدا ڕێز لە ئەزموونی هونەری هەریەک لە هونەرمەندان “ئەیام ئەکرەم، نزار مامە، جەلال شاکر” نرا و چەند چالاکیەکی هونەریش بەو بۆنەیەوە لە هۆڵی ڕۆشنبیری بەڕێوەچوو، لەوانەش “تابلۆی شوانە”، کە لە لایەن تیپی کەلەپوور و هەڵپەڕکێی هەولێر ئامادەکرابوو بە دەنگی “شەماڵ جەلال سەعید” پێشکەشکرا.
لە دەسپێکی چالاکییەدا وتاری “فەرهەنگ غەفوور” وەک هونەرمەند و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشکەشکرا و تیایدا ئاماژەی بۆ ڕۆڵی بەرچاو و کارامەی ئەو فەرمانبەر و هونەرمەندانە کرد، کە ڕۆژانێک بەوپەڕی جوانیەوە خزمەتیان بە هونەرەکانی شانۆ و موزیک و سینەما کردووە، هەروەها وەک فەرمانبەرێک درێغیان نەکردووه لە خزمەت کاری ڕۆژانە و هونەرەکەیان، ئێستاش ماڵئاواییمان لێدەکەن لە فەرمانگەکەمان، بەڵام بەردەوام دەبن لە خزمەتی هونەری هەولێردا، بۆیە بە چەپکێک گوڵ خوداحافیزه لەو شۆڕەسوارانە دەکەین، کە هیچ کات لە خزمەت سڵیان نەکردووەتەوە و هەمیشە دڵیان بۆ کوردستان و هونەرەکەینن لێدەدات.
تابلۆی شوانە و هەڵپەڕکێی کوردی پێشکەشکرا
تیپی کەلەپوور وهەڵپەڕکێی هەولێر، کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک کوڕ و کچی شۆخ و شەنگی هەولێر، کە “هیمداد لەشکری” سەرپەرشتی دەکات، بە تابلۆیەکی هونەری، کە لە پێشووتردا بە دەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو “جەلال سەعید” تۆمار کراوە، لەم مەڕاسیمەدا “شەماڵ”ـی کوڕی زیندووی کردەوە و جارێکی تر پێشکەشکرا.
ڕێز لە تەمەنی هونەری و خزمەتی ژمارەیەک فەرمانبەری خانەنشین گیرا
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، “ئاریان سەڵاحەدین” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و “سەلیم قادر” جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر، خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشیە ئەو هونەرمەند و فەرمانبەرانەی، کە لە ماوەی تەمەنی وەزیفی خۆیاندا، خزمەتێکی بەرچاویان به هونەرەکەیان کردووە و دوا وێنەی ماڵئاواییان لە هۆڵی ڕۆشنبیری چرکاند و فرمێسکێکی گەرمیان بۆ ئەو ساڵانە ڕێشت، کە وێڕای هەموو ئاستەنگەکانی تەمەنی خزمەتیان هەر سووربوونه لەسەر خۆشەویستی خۆیان بۆ هونەر و کارەکەیان.