حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: کاری سوپای عێراقی نییە بچێتە ناو گوند و سەر زەوییەکانی جووتیاران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سەرۆک بارزانی پەیامێکی ڕوونی بە بەغدا داوە بەوەی پێویستە ڕێگرییەکان کۆتایی بێن ئەگەر نا بەو شێوەیە ناوەستین. دەشڵێ: ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بە ھیچ شێوەیەک جێگای قبوڵ نییە، کاری سوپای عێراقی نییە بچێتە ناو گوند و سەر زەوییەکانی جووتیاران.

بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو لە بەرژەوەندی عەرەبی ھاوردە زەوییەکانی جووتیارانی کورد بە گرێبەستێک لێی زەوت کراون، ئێستا ھەر چەندە بەشێوەی یاسای خاوەنداریەتی زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بەھۆی ڕێگری سوپا ناتوانن بەکاربھێنن.
٢١ـی مانگی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسی تایبەت بە زەوی و زاری پەسەند کرد، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
دووشەممە ١٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، ھەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە ھەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کرد.
سوپای عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاریان بۆ ھاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام جووتیارانی کورد ڕژدبوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەھێڵن.
جووتیاران بڕیاریان داوە بەرانبەر بە ھەڕەشەکانی سوپای عێراق یەکگرتوو بن و پێکەوە ڕووبەڕوویان ببنەوە و گوێ بە ھەڕەشەکانی سوپا نەدەن، وەکو خۆیان دەڵێن، دەستبەرداری کاری خۆمان نابین، تا خوێنمان دەڕژێت، واز لەو خاکە ناھێنین.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: بەداخەوە تا ئێستا ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕژێمی بەعس سەبارەت بە زەوی و زاری جووتیارانی کورد نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرەڕای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بۆ جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە پێویستە کورد یەک دەنگ و یەکڕیز بێت، بەتایبەتی ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، دەبێت زیاتر پێداگر بن لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە چارەسەری بابەتی زەوی و زاری جووتیارانی کورد بە سوپا و ھێز ناکرێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: ماددەی ١٤٠ کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کورد داوا دەکات جێبەجێ بکرێت، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێ کرابایە، ھەموو ئەو کێشانەی کە ئێستا ڕۆژانە ڕووبەڕووی جووتیارەکان دەبنەوە، ئەو کێشانە نەدەمان، بۆیە ھەمیشە گوتوومە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەمن و ئەمان بەخۆیەوە نابینن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پشتگیری لە مافی جووتیارەکان دەکەین، بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران چارە بێت، چونکە جووتیارەکان خۆیان خاوەن ماڵن، ھەر دەبێت بە مافەکانی خۆیان بگەنەوە، بۆیە پشتگیری لە جووتیارەکانی خۆمان دەکەین جا لە ھەر شوێنێک بن، بۆ ئەوەی چی دیکە زوڵم و زۆریان بەرانبەر نەکرێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر گوتی: سەرۆک بارزانی پەیامێکی ڕوونی بە بەغدا داوە بەوەی پێویستە ڕێگرییەکان کۆتایی بێن ئەگەر نا بەو شێوەیە ناوەستین، ھەر کاتێک دڕێکێک چووبێتە پەنجەی منداڵێکی کورد لە ھەر شوێنێکی کوردستان بێت ئازارەکەی سەرۆک بارزانی چەشتوویەتی، بۆیە ھەمیشە سەرۆک بارزانی لە خەمی ناوچە کێشە لەسەرەکان بووە، بەتایبەتی کەرکووک، بۆیە ھاتنە سەرخەتی جەنابیان ھێز و توانایەکی زیاتر دەداتە ئێمە بۆ ئەوەی ڕژد بین بۆ جێبەجێکردنی بابەتەکە و ھەروەھا زیاتر ھێزمان دەداتێ بۆ ئەوەی لە پشتی جووتیارەکان بوەستین.