سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەگەر بە وردی بڕوانینە بەشێكی زۆری شیعرەكانی بێكەس، دەبینین هەمیشە باس لەو پرس و بابەتانە دەكات كە پەیوەستن بە ئەقڵەوە. بۆ نموونە:(خوێندەواری، پلان و سیستەمی كارگێری و دارایی ژیان، بیركردنەوە لە پێشكەوتنی گەلان و سەرنجدانی واقیعی ئەوان بەمەبەستی پێشكەوتنی كوردیش هاوشانی ئەوان وەك نەتەوەیەك، ئەمانەو چەندین پرسی تر. بە چاوپۆشین لەوەی بێكەس لە هەندێك شیعری دیكەیدا، دژ بە زانست و زانیاری دەوەستێتەوە. وەلێ بەشێكی زۆری شیعرەكانی هەڵگری گوتارێكن كەدەكرێ بە گوتاری هوشیاربوونەوەی مرۆڤەكان وهاندانیان بۆ بیركردنەوە و فێربوونی زانست و زانیاری بناسێنین. بێكەس لە بەشێكی زۆری شیعرەكانیدا،ئەو گوتارە فیكریە ئاراستە دەكات كە هانی ئەقڵانیەت وكرانەوەی ئەقڵی دەدات بە ڕووی ژیان و دەورءبەردا. بێكەس دەزانێت هیچ پێشكەوتن و داهێنانێكی زانستی و ژیاری بێ هەبوونی دیدگایەكی ئەقڵانی نایەتە كایەوە. هیچ ئەقلانیەتێكیش بە بێ بیركردنەوە و خستنەگەری فیكر دروست نابێت. كەواتە دەبێ بیرمان لە هەمبەر ژیان و خوێنەوەی دیاردەكان بەرجەستە بكەین. دەنا ژیانمان تووشی دۆگمایی دەبێت. بێكەس وەك شاعیرێك دركی بەو گرنگیەی بیرء ئەقڵ كردووە، بۆیە لە ڕێی شیعرەكانیەوە مرۆڤ هوشیاردەكاتەوە لەوەی كە فێری زانست و زانیاری بێت، بەڵام هەمان ئەو شاعیرە ڕۆشنگەرە لە شیعرێكیدا زۆر بە تووڕەیی دژی زانست دەوەستێتەوەو دەڵێت:
تف لە عیلم و سەنعەت و سەد كارەبا
مەڕحەبا ئەی جەهل و وەحەشەت مەڕحەبا
دەبێ چی وای لەم شاعیرە كردبێت، هێندە بەتوندییەوە تف لە عیلم و سەنعەت بكات؟ تۆبڵێی بێكەس پێشبینی ئەوەی كردبێت، كە ڕۆژگارێك دادێت گەلەكەی هێندە گیڕۆدە دەبیت بە دەست دەركەتنەكانی دنیای تەكنەلۆژیا، كە لە بری ئەوەی لە خزمەت پێشكەوتنەكان و كرانەوەی ئەقڵی بەكاری بێنێت، بە پێچەوانەوە دەیكاتە مینبەرێكی بە ناو ئازاد بۆ ئەوەی هەموو كەسێك بە ناوی ئازادییەوە قسەی تێدا فڕێ بدات، وەك ئەوەی ئێستا لە سایەی دنیای سۆسیال میدیا لە كۆمەڵگەی ئێمە و لە ڕێگەی تۆڕە بە ناو كۆمەڵایەتییەكانەوە دەبینرێت! ئەم داهێنانە لە بری ئەوەی ببێتە مایەی سوود و پێشكەتن و داهێنانی نوێ و تازە لە هەموو كایەكانی ژیانەوە، بە پێچەوانەوە بۆتە مەیدانی تەراتێنی هەرچی نەزان، نەخوێندەوار، حەكیمی بێ حیكمەتە، كە لە سایەی ناهوشیاری كۆمەڵگەی ئێمەوە بوونە تە بە ناو بیرمەند و حەكیم و كەسایەتی سۆسیال میدیا و قسە بێ ماناكانیان دەبنە ترێند. گەلۆ ئەگەر ئەو دنیای نوێ و تەكنەلۆژییە نوێیە نەبایە، یەکێک چۆن دەیتوانی بێ شەرمانە، بێ باكانە، نابەرپرسیارانە و ناكوردانە و نانیشتمانییانە، وەسفی سەدام و ڕژێمێك بكات، كە كردەوەكانی دژ بە مرۆڤایەتی، هاوشێوەی كردەوەكانی نازییەتن؟ كاتێ بوار دەرەخسێت بۆ ئەوەی كەسێكی لەو شێوەیە بكرێتە بە ناو كەسایەتی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە سایەی دواكەوتووی كۆمەڵگە، قسەی بێ مانا بە ناوی زانایی و حیكمەتەوە دەرببڕێت و خەڵكیش گوێی لێ ڕابگرن، ئەوا نابێ ئەوەمان بیر بچێت، كە ئەمە ئەو دنیا نوێیەیە، بوار دەڕەخسێنێت كەسانی لەم شێوەیە دەربكەون، ئەگەر نا ئەوانە لە كوولەكەی تەڕیش كەس نەیدەناسین. ئەگەر ئەم دنیایە نەبێت كە بێكەسی شاعیر هەشتا ساڵ لەمەوبەر تفی لێ دەكات، ئەم كابرایە چۆن دەیتوانی لەو ڕووبەرە برینی نەتەوەیەك بكولێنێتەوە ! چۆن دەبێ مرۆڤی كورد هێندە خەمسارد بێت لە ئاست كولاندنەوەی برینەكانی؟چۆن نیشتمان جێگەی كەسانێكی تێدا دەبێتە كە ستایشی جەلادی نەتەوەكەیان بكەن؟ ئەم وێنەیە، وێنەیەكی بچووكراوەیە لە هەزاران وێنەی گەورەتر، كە ڕۆژانە ئێمە لە سایەی ئەو بە ناو مۆدێرنە و خوێندەواری و دنیای ئەنتەرنێت، تێی دەكەوین و بەریدەكەوین. ئەمە دەرەنجامی ئەو فەزا بە ناو ئازاد و ئەو ڕووبەرە بە ناو كراوەیە كە وەك گۆڕەپانێكی بێ سنوورو بێ دادوەر، هەزاران كەسی بودەڵە و بێ سەواد و هیچ لە باردا نەبوو، خۆیان و قسە بێ ماناكانیان تیادا ئەو سەرو ئەوسەر دەكەن و چییان مەبەست بێت ئەوە دەنووسن و دەڵێن، بە بێ ئەوەی بزانن ئازادی بە مانای ئەوە نایەت مرۆڤ چی ویست و مەرام بێت ئەوە بكات. بە ئێستاشەوە، یەك جوولەكە نابینییەوە نازییەكانی خۆشبوێت، لە هەموو گیرمەنی كەسێك بە ناوی هیتلەر ناكرێت، كە چی لای ئێمە كەسانێك دێن زۆر بە ئاشكراو بە شانازییەوە ستایشی سەدام و بەعس دەكەن بێ ئەوەی كەس پێیان بڵێت پشتی چاوتان دوو برۆیە، كە دەبێ پیشانیان بدرێت نەك دوو برۆ بەڵكوو هەزار برۆیە.