سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە کۆشکی درعییە، لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستی پێ کرد.
شاندەکەی ئەمەریکا پێک هاتووە لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاندەکەی ڕووسیاش پێکهاتووە لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملن، یوری ئۆشاکۆف، هاوکات شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیەش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە.
هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لەسەر سازدانی کۆبوونەوەکە ڕێککەوتن.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتنە ڕیاز، بڕیاریشە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆ ببنەوە.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە “بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعوودیە کۆ دەبنەوە بۆ ئامادەکاری لەسەر کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی ئەم مانگەدا، بەڵام وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.”
بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو دانووستانە ڕەنگە ڤلۆدیمێر زێلێنسکیش لەخۆ بگرێت، چونکە هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەیانەوێت بەخێرایی کۆتایی بە شەڕ بهێنن.