٧٢ ساڵ بەسەر دامەزراندنی هەر دوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ١٨ی شوبات ٧٢ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەو دوو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٥٣ لەسەر بنەمای خزمەتی قوتابییان و لاوان دامەزران، ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویشیان ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و نەتەوەیی لای چینی قوتابییان و لاوان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگییەی بارزانیی نەمر بە چینی قوتابییان و لاوانی داوە.

ئەو دوو ڕێکخراوە ھیچ کاتێک لە بەرپرسیارەتیان ڕانەکردووە و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و کێشەکانی قوتابییان و لاوانی بە ئەستۆوە گرتووە و بۆ ھەر سەردەمێک وەڵامی تایبەت و گونجاوی خۆیان ھەبووە و بوونەتە پردێک لە نێوان قوتابییان و لاوان و دەسەڵات بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئەندامان و لایەنگرانی ھەردوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان بە درێژایی ٧٢ ساڵی تەمەنیان گەنجینەیەک لە بەرھەم و دەستکەوتیان بۆ توێژی قوتابییان و لاوان بەدەست ھێناوە.
لە دوای ساڵی ١٩٧٩ ھەلێکی نوێ بۆ ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕەخسا و لە ٢٣ی ئازاری ھەمان ساڵ کۆنفرانسی خۆیان لە شاری کەرەج بەست، ھەرچەندە ئەو دوو ڕێکخراوە بە ھۆکاری سیاسی لێک دابڕاون، بەڵام بە درێژایی مێژوو ھیچکامیان لە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد دانەبڕاون و لەناو توێژی قوتابییان و لەناو زانکۆ و قوتابخانەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا دەوری کارایان گێڕاوە.
پاش ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم دوو ڕێکخراوە لەناو لاوان و قوتابییان بەشێوەیەکی ڕژد و چالاک کاریان کردووە و گەلێک لاوی بە ئەزموون و کاریگەر و سیاسەتمەداری بەرچاو لەناو ئەو دوو ڕێکخراوەدا پێ گەیشتوون، لە ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٨ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابییانی کوردستان دەستنیشان کردووە.

٧٢ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی قوتابییان و لاوانی کوردستاندا تێدەپەڕێت
لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە کەرکووک بەسترا، لەسەر دەستی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد، بارزانیی نەمر بریاری دامەزراندنی ھەردوو ڕێکخراوەکە درا، دواتریش لە ١٨ی ٢ی ھەمان ساڵ ھەردوو ڕێکخراوەکە دامەزران.
مەیسەر عوبێد، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بە فەرمانی بارزانیی نەمر ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی لاوان و قوتابییان دامەزران، وەکو سەرۆک بارزانی، دەڵێ، یەکێتی لاوان قوتابخانەی نیشتمانپەروەران بووە، بە دەیان سەرکردەی ئەم وڵاتە نەک تەنیا لەناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵکو لە لایەنەکانی دیکەش دەرچووی ئەو ڕێکخراوە بوونە، بوونی ڕێکخراوی لاوان لە کاتی شۆڕشدا پێویستییەکی بنەڕەتی بوو، ھەر بۆیە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە لە گەرمەی شۆڕشدا بۆ ئەوە بووە تا تواناو وزەی ئەم توێژە گەورە و فراوانەی ناو کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر کۆبکاتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت بۆ گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە و لەڕێگەی لاوانەوە شەقامی کوردستان بۆ بزووتنەوەی ئازادیخواز و سەربەخۆیی بجووڵێنرێت.
نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ساڵی ١٩٥٣ و لە کۆنگرەی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بە فەرمان و بڕیاری بارزانیی نەمر یەکێتی قوتابییانی کوردستان دامەزرا بۆ ئەوەی بتوانێت ھەست و ھزری نەتەوەیی و نیشتمانی لەناو قوتابییان بچێنرێت، ھەروەھا بۆ ئەوەی قوتابخانەیەک بێت بۆ پێگەیاندنی کادیر بۆ ئەوەی لە داھاتوودا خزمەتی وڵات بکات، وەکو دەبینین ئێستا لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان کادیرانی یەکێتی قوتابییانی کوردستان خزمەت دەکەن.

ئەمڕۆ بە چالاکی جۆراوجۆر ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت

نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، دەڵێت: وەکو مەکتەبی سکرتاریەت ئەمڕۆ لەگەڵ مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە ھاوبەشی لە بارەگای مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابییان لە پێشوازی میوانان دەبین، ھەروەھا لە ھەمان ڕۆژدا ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لەسەرجەم لق و نووسینگەکان چالاکی جۆراوجۆرمان دەبێت، ئاھەنگی گەور و فراوان دەکرێت، چالاکی کلتووری و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و پێشبڕکێی زانستی دەکرێت، ھەروەھا لەناو ناوەندەکانی خوێندن بەپێی سرووشتی ناوچە جۆراوجۆرەکان ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت.
مەیسەر عوبێد، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ئەمڕۆ کە ١٨ی شوباتە لە ھەموو ناوەندەکان کار و چالاکی جۆراوجۆر دەکرێن، لەوانە خولی تۆپی پێ، سەرتاشین، خولی دروێنی، دیزاین، لە ھەمان کاتدا ئاھەنگێکی گەورە لە مووسڵ دەکەین، لەگەڵ ئەوەش بەپێی پێداویستی ھەر ناوچەیەک یەکێتی لاوان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات.
ھەوڵمانداوە ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی سەرجەم لاوان
مەیسەر عوبێد، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی گوت: بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی کە لەبەر دەستی ئێمەدانە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار لاو بەشداریان لە کار و چالاکییەکانی ئێمەدا کردووە، کار و چالاکییەکانیش جۆراوجۆر بوونە، لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی ٦ مانگ ھەڵمەتێکی سەرتاسەری بۆ ماددەی ھۆشبەر بەڕێوەچوو، ھەروەھا دیداری لاوان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی لە دھۆک کرا، کە زیاتر لە ٤٥ لاو لە کاری دەستی خەڵات کران، ھەروەھا بەردەوام دەرگای ھەموو بارەگاکانی ئێمە کراوەیە و بوونەتە شوێنی کۆکردنەوەی لاوان، ھەموو ھەوڵی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی لاوانی کوردستان و پەیامی ئەوان بگەینینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەروەھا جوانی و پێکەوەژیانی لاوانی کوردستان بگەینینە ھەموو جیهان.