دوای دوو ساڵی دیکە “شانەدەر زێد” دەگەڕێتەوە کوردستان

دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی مێرگەسۆر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاکوو دوو ساڵی دیکە لەگەڵ زانکۆی کامبریج، گرێبەستمان ماوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی خۆیان بکەن و دواتر “شانەدەر زێد” بگەڕێننەوە کوردستان.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: شانەدەر زێد ئێستە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لە بەریتانیا لە زانکۆی کامبریج، دوای ئەوە لە کۆتایی ساڵی دووەم شوێنێک لە کوردستان دەستنیشان دەکرێت، جا شوێنەواری هەولێر بێت یاخود ئەشکەوتی شاندەر، ئەو بڕیارە بۆ زانکۆی کامبریج دەگەڕێتەوە تاکوو کەللـە سەرەکەی شاندەرزێدی لێ دابنرێت.

سۆران ئەمیر، دەشڵێت: بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ زانکۆی کامبریج ئیمزامان کردووە، ئێستا لەگەڵ زانکۆی کامبریج خەریکی دیزاینکردنی شوێنەواری شانەدەرین تاکوو دروستی بکەین، کە ئەوان لە ئەستۆی خۆیانیان گرتووە.

پەردەلادان لەسەر ڕووخساری دروستکراوەی ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ کە مەزەندە دەکرێت تەمەنی بگەرێتەوە بۆ نزیک لە 75 هەزار ساڵ پێش ئێستە، بە ناوی شانەدەر زێد بووەتە مایەی سەرنجی مێدیای نێودەوڵەتی و گفتوگۆی لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ، کردە فەرهەنگییەکان و کارلێکەکانی نێوان نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی مۆدێرن هەڵگیرساندووە.

لە ڕێی بلاڤۆکەکی زانکۆی کامبریج، پەردە لەسەر ڕووخساری دروستکراوەی ئافرەتێکی نیاندەرتاڵ بە ناوی شانەدەر زێد لادرا، ئەمەش ڕۆشنایی نوێ دەخاتە سەر ژیان و ڕەفتاری باوباپیرانی کۆنی مرۆڤ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی زانکۆی کامبریج، ئەمە دۆزینەوەیەکی نائاساییە و لە ڕێگەی هەڵکەندنی ورد و تەکنیکە زانستییە پێشکەوتووەکانەوە ئەم دەرفەتە ڕەخساوە کە بتوانین بڕوانینە مێژوویەکی 75 هەزار ساڵی. ئەم دۆزینەوەیە توێژەران و خەڵکی بە هەمان شێوەی سەرسام کردووە و تەحەدای ئەو تێڕوانینە کۆنە دەکات کە پێیوایە نیاندەرتاڵەکان بوونەوەرێکی سەرەتایی بوونە.