شیڤان شێرزاد – هەولێر
بە بەشداری ئەندامانی تیپی ئۆرکێسترای وڵاتان لە هۆڵەندا هونەرمەندی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی کورد “کاروان حەمید حەلاق” کۆنسێرتێکی هونەری بە چەپکێک لە بەرهەمە ڕەسەنە کوردییەکان لە شاری “هارلێم” ساز کرد.
کۆنسێرتە لەسەر خواستی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و دەستەیەک لە میوزیکژەن و ئارەزوومەندانی بواری میوزیک لە نەتەوە جیا جیاکانی ئەوروپا بەڕێوەچوو.
بەشداری “کاروان حەمید حەلاق”یش وەک ئەندامی تیپە هونەرییەکە لەسەر خواستی بیانیەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی، کە حەز بە شایی و سامبا و هەڵپەڕکێی کوردی دەکەن.
هونەرمەند لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە گۆرانیەکانی “لەیلا” و کاڤۆکی” هۆڵەندییەکانی ئاشنا کردووە بە گۆرانی و بەرهەمە کوردییەکان و شمشاڵ و نەیی، کە مۆرکی کوردیان پێوە دیارە.
جێگەی باسە، ئەو هونەرمەندە کوردە، لە 2016 پارچە میوزیکێکی بەناوی ‘هەژان’ بڵاوکردەوە و پێشکەش بە رۆحی دوو منداڵە کۆچکردووەکەی کردووە، هەروەها ٢٠٢٢ لە چەند کۆنسێرتێکی ئۆرکێسترای فەنفارای هۆڵەندی بەشداربوو بە جلوبەرگی کوردییەوە گۆرانی کوردی لە کۆنسێرتەکانیدا پێشکەش کردووە.
پاشان بەرهەمێکی بە ناوی ‘ئاخێک بۆ نیشتمان’ بڵاوکردەوە، کە بەرهەمێکی لاوک و حەیرانە و هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دوایین بەرهەمیش کلیپێک بوو دەربارەی ژیانی “عەلی عاشق”، کە تەمەنی خۆی لە چاوەڕوانی خۆشەویستەکەی لە ڕواندوز و سۆران بەڕێکرد و هەر بەو حەسرەتەش سەری نایەوە و لە مێژووی کوردیش دا وەک نموونەی وەفا بۆ خۆشەویستی دەیان شیعر و گۆرانی بۆ گوترا.