ڕەوەندی کوردی ئاگری نەورۆز لە کۆڵن دەکاتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بە درووشمی “مل بە مل دل بە دل هەڤگرتن بۆ ڕۆژئاڤاێی کوردستانێ” ڕۆژی ٢٢ـی ئازار،کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بە دەیان چالاکیی هونەری و ڕۆشنبیری کەرنەڤاڵێک لە لایەن کۆن فیدراسۆنی ڕەوەندی کوردی سەنتەری کوردیش دیاسپۆرا و ناوندی کوردانی ئەڵمانیا و گرووپێک لە چالاکوانان و کەسایەتیە سەربەخۆکانی ئەو ناوچەیە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە شاری کۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.

“زارین جومعە” پێشکەشار و ئەندامی بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخستنی کەرنەڤاڵی نەورۆز بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: لەسەر خواستی ڕابەر و پێشمەرگەی نەتەوەییمان سەرۆک “مەسعود بارزانی” سەنتەری دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردی، لە ئەوروپا و دەستەیەک لە چالاکوانانی کورد و بە بەشداری ٢٠ هەزار کورد و ئامادەبوونی بەڕێز “شیفا بارزانی” لە شاری کۆڵن ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژی ٢٢ـی ئازار دەکرێتەوە و دەیان چالاکیی هونەری و ڕۆشنبیریش بەڕێوەدەچێت.
ئامانجیشمان لە سازدانی ئەو کەرنەڤاڵەی کە “ئاکیڤ حەسەن” ئامادەکاری و سەرپەرشتی دەکات ئەوەیە، کۆڵن بکەین بە گەورەترین پایتەختی نەورۆزنامەی گەلی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بە گشتیدا و چەندین تابلۆی هونەری و دێڕە شیعری جوان لە بارەی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد پێشکەش بە وڵاتی ئەڵمانیا و میوانە بیانیەکان بکەین و زیاتر ئاشنابن بە کولتوور و فەرهەنگ و ئازارەکانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەت کوردانی ڕۆژئاڤا، کە ساڵانێکە تووشی دەیان چیرۆکی پڕ لە قوربانیدان و ئاوارەیی بوونەتەوە و ئێستاش لە جەنگدان بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی کوردبوونیان.