هەندێک کورتەشیعری ئەحمەد فوئاد نەجم

و. حەمەسەعید حەسەن
شەو زەریاوانێکە ڕێگەی
لێ ونبووە
شەو تژییە لە ڕاز و نیاز
تژی لە ئازار و ئاواز
تژی لە زڕەی پەرداخ و
لە ناڵەی نەی
تژی لە فرمێسک و حەسرەت
لە گوتەی جوان و لە حیکمەت
*
ئێمە کێین و ئەوان کێن؟
ئەوان نوقمی زەریای نازن
ئێمە نوقمی زام و خوێن
ئەوان پاشا و سوڵتان و میر
ئێمەش خەڵکانێکی فەقیر
*
هەموو تاڵەکانی نوێنی
ئاوریشمینی تۆ
من بە قامکی خۆم ڕستوومن
ئەو بەهەشتەی تۆ
لە سایەیدا ئارام خەوتووی
بەری ڕەنج و شەکەتیی منە
*
لە نێوانماندا ژیا و مرد
هەڵسوکەوتی
هەر لە هی هەژاران دەچوو،
گەرچی برینداری کردین،
بەڵام برین سەخت نەبوو،
زوو ساڕێژبوو.
*
زۆر سوپاس
بۆ خودای دلۆڤان
کە نە قین
نە ترسی پێ داوم
بۆیە من
نە قینم لە کەسە
نە لە کەس ترساوم