بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی شوباتی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی ڕێختەر لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستانی هەژاند.
ناوەندی کارەسات و قەیرانەکانی تورکیا (ئافاد) لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 02:24ی بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.8 پلەی تۆمارکراوە، کە چەقی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی یەدیسوی سنووری پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان تۆمارکراوە.
ئافاد ئاماژەیداوە، سەرچاوەی بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 12 کیلۆمەتری ناخی زەوییەوە بووە و بە گوێرەی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیش هیچ زەرە و زیانێکی گیانی و ماددی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تۆمار نەکراوە.