سەدر پلانی ئەوەی ڕاگەیاندووە کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیاکان بێنێت

هەرچەندە موقتەدا سەدر، سوورە لەسەر دامەزراندنی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی، بەڵام ماوەیەکە باس لەوە دەکرێ بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بێتە پاڵ هاوپەیمانێتیی سەدر و؛ ئەوەی زیاتر ناوی دەهێنرێت، هاوپەیمانیی فەتحە کە ١٧ کورسیی پەرلەمانی بەدەستەوەیە و فەرماندەیی بەشێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەکات، هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئامانجەکە بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە پێگەی حەشدی شەعبی بکات.

موقتەدا سەدر کە ڕێبەری گەورەترین هاوپەیمانیی پەرلەمانی عێراقە، ماوەیەکە لەگەڵ هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری کەوتووەتە گفتوگۆ و، پێشبینی دەکرێت بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەشداریی حکوومەت بکات.
ئاژانسی دۆیچەوێلەی ئەڵمانی، باسی لەوە کردووە کە موقتەدا سەدر بە هیچ شێوەیەک ڕازی نییە بەوەی نووری مالیکیی سەرۆکی لیستی دەوڵەتی یاسا بەشدار بکات، کە لەگەڵ لایەنی فەتح و چەند حزبێکی تر چوارچێوەی هاوئاهەنگییان دامەزراندووە. ناوبراو ڕەخنەی توندی لە نووری مالیکی هەیە، بەڵام لەگەڵ هەندێک لایەنی تری هاوئاهەنگی کێشەیەکی ئەوەندە گەورەی نییە نەتوانێت دانوستانیان لەگەڵدا بکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە ڕاستیدا بەو مەبەستە لە دەوری یەکتر کۆ بوونەوە، تا ببنە گەورەترین هاوپەیمان و ڕۆڵی سەرەکییان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەوە کەمێک ئاستەمە سەر بگرێت و پێ دەچێت ئەو گوشارانە بۆ ئەوە بێت لە حکوومەتی داهاتوودا لە ڕۆڵ و پێگەیان کەم نەکرێتەوە.
سەدر ٧٣ کورسی پەرلەمانی بەدەستەوەیە و خۆی بە گەورەترین فراکسیۆن ناساندووە، لە لایەکی تر چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە لە ٨٨ کورسی پێک دێن باس لەوە دەکەن فراکسیۆنی زۆرینەن، سەدرئەو داواکارییەی ئەوانی ڕەت کردووەتەوە و پێی وایە فراکسیۆنی زۆرینە دەبێت فراکسیۆنی هەڵبژاردن و دەرەنجامی هەڵبژاردن بێت، نەک ئەوەی لە دوای هەڵبژاردن دروست بووبێت و خۆی شایانی ئەوەیە بۆ دامەزراندنی حکوومەت ڕاسپێردرێت.
دەوڵەتی یاساش کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی کردووە گوتوویەتی ڕووی قسەی ئەوان دەزگاکانی دادوەرییە و دەبێت دادگای باڵای فیدراڵی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. ئەوان سکاڵایەکی تریشیان تۆمار کردووە و پێیان وایە کۆبوونەوەی نۆی مانگ نایاسایی بووە و دەبێت دووبارە پەرلەمان کۆ ببێتەوە و دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لەگەڵ موقتەدا سەدر کەوتووەتە گفتوگۆ و نیازی هەیە بە بەشداری پێکردنی بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەندێک مەرج بەسەر سەدردا بسەپێنێت. هەندێک سەرچاوە وایان لێک داوەتەوە هەوڵی ئەو بەشەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پێناو گەڕاندنەوەی زەرەر لە نیوەکەیەتی.
سەرچاوەکە ئاماژەی داوەعامری دوای لە سەدر کردووە هیچ کارێکی بە هێزەکانی حەشدی شەعبی نەبێت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی مافی ڤیتۆی هەر بڕیارێکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەبێت، چونکە ترسیان لە هەنگاوەکانی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان هەیە. لە بەرانبەریشدا سەدر دوای کردووە هەر یەک لە لایەنەکانی نووری مالیکی و قەیس خەزعەلی بە هیچ شێوەیەک نابێت لە دەسەڵاتدا بەشدارییان پێ بکرێت.
ئەو کەسەی بڕیارە فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمان ڕاسپێرێت تا حکوومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنێت هێشتا دیار نییە و بۆ کورد دیاری کراوە.
لە کوردستان هێشتا لایەنە سیاسیەکان لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە ڕێک نەکەوتوون و لایەنەکان کاندیدی جیاوازیان بۆ ئەو پۆستە ڕاگەیاندووە. لە دوای تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان دەبێت سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵبژێردرێت و کەمتر لە هەفتەیەکی بۆ ئەو وادەیە ماوە.
هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و دوو لایەنی تەقەددوم و عەزم لە بەرەی سوننە و لایەنی سەدر ڕۆڵی گرنگیان لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت. هەوڵێک هەیە لە ناو ماڵی شیعە هادی عامریش بەشداری پێ بکرێت کە سەرکردایەتی بەشێکی بەرچاو لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەکات.
عامری لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ سەدر کۆ بووەوە و دوێنێکەش سەردانی هەولێری کرد تا لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بۆ هەمان مەبەست دانوستان بکات.
لە لایەک سەدر پلانی ئەوەی ڕاگەیاندووە کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیاکان بێنێت و لە لایەکی تریش میلیشیاکان داوای مافی ڤێتۆ دەکەن و بۆیەش بە تەواوی دیار نییە لە ناو ماڵی شیعەدا سەدر بە تەنیا زۆرینەکە پێک دەهێنێت یان بەشداری لایەنی تری شیعەش دەکات تا پلانەکەی جێبەجێ بکات.
پێویستە بگوترێت هاوپەیمانی فەتح خاوەنی ١٧ کورسییە و لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. هاوپەیمانی فەتح لە خولی پێشووی پەرلەمان، خاوەنی ژمارەیەکی زۆری کورسی بوو و گرووپەکانی سەر بەو هاوپەیمانییە ڕۆڵیان لە ئاڵۆزییەکانی عێراقدا هەبووە.

ھەواڵی زیاتر