هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

داوا دەكرێت راكان جەبووری لە پۆستی پارێزگاری كەركووك لابدرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

بە هۆی ئەو تەعریبە ترسناكەی، راكان جەبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك ئەنجامی دەدات، داوا دەكرێت لە پۆستەكەی لابدرێت و كەسێكی تر بخرێتە شوێنەكەی.

لایەنە سیاسییەكانی كەركووك، كۆكن لەسەر ئەوەی راكان جەبووری لە پۆستەكەی لابدرێت، بەتایبەت دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بە شێوەیەكی ترسناك تەعریبی لە كەركووك دەستپێكردووە و بە هەموو شێوەیەك دژایەتی كورد دەكات.
محەمەد ریاشی، سیاسەتوانی عەرەب لە كەركووك، پێیوایە هەر پارێزگارێك زۆر لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، دیكتاتۆری دروست دەبێت، بۆیە گرنگە راكان جەبووری لە پۆستەكەی لا بدرێت.
ریاشی دەڵێت: “دەبێت پارێزگار كەسێكی پیشەیی و لێهاتوو بێت، هەروەها بۆ خزمەتكردنی شارەكە، دەبێت بە یەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكان بكات و خزمەتیان بكات. بۆ ئەوەشی جوڵە بكەوێتە ناو پارێزگاری كەركووك، دەبێت راكان جەبووری بچێتە پەرلەمانی عێڕاق، چونكە ئەو لە هەڵبژاردندا توانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان و با بچێتە ئەوێ”.
لە لای خۆشییەوە، محەمەد یةڵماز، كە سیاسەتوانێكی توركمانە و پێیوایە گرنگە پارێزگاری خاوەن بەڵێنی خۆی بێت لەگەڵ خەڵك، ئەویش چوونییەتی بۆ پەرلەمانی عێڕاق.
یةڵماز دەڵێت: “جەبووری هیچ دادپه‌روه‌ر نییە لە خزمەتكردنی پێكهاتەكانی كەركووك، چونكە بەئاشكرا جیاوازی دەكات. ئەو وەكوو پارێزگار سەركەوتوو نەبووە و نابێت، بۆیە دەبێت خاوەنی بەڵێنی خۆی بێت لەگەڵ خەڵك و بچێتە پەرلەمانی عێڕاق”.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی دا: “مادام نایەوێت بچێتە پەرلەمانی عێڕاق، ئەی بۆچی خۆی كاندید كرد و دەرچوو، دەبێت راستگۆبێت لەگەڵ دەنگدەرەكانیدا”.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە، راكان جەبووری داوای كردووە وەكوو پارێزگاری كەركووك بمێنێتەوە و دەستبەرداری پۆستی ئەندام پەرلەمانی بێت، بەڵام شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێڕاق، دەڵێت: “ئەو پۆستە مافی كوردە و دەبێت كوردێك لە شوێنی ئەو دابنرێت.
شاخەوان، پێوایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاقدا، كورد زۆرینە بوو، بەو پێیەش بێت دەبێت پارێزگار بۆ كورد بێت و مافی كوردە”.
جەبووری، لەوكاتەوەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووكە، نەیتوانیوە هیچ خزمەتێكی شارەكە بكات، تەنانەت لەوەشدا سەركەوتوو نەبووە كە زبل و خاشاكی ئەو شارە وەكوو پێویست پاك بكاتەوە، بۆیە یةڵماز دەڵێت: “ئەگەر كوردێك ببێتە پارێزگاری كەركووك، دڵنیاین خزمەتی باشتر دەكات، چونكە هەر پارێزگارێكی تازە بێتە شوێنی جەبووری، دەیەوێت خزمەت بكات و دڵی خەڵك لە خۆی رازی بكات، بەڵام جەبووری چونكە سەپێنراوە، بۆیە خزمەت ناكات و تەنیا لەبەرژەوەندی عەرەب مامەڵە دەكات”.
پێشتریش هاووڵاتیانی گەڕەكە كوردنشینەكان گلەیی ئەوەیان هەبووە، كە جەبووری هیچ خزمەتێكی گەڕەكە كوردنشینەكان ناكات، هەموو خزمەتگوزارییەك بۆ گەڕەكە عەرەبەكان دەبات. رۆژانەش بەردەوام لە میدیاكانەوە كوردەكانی كەركووك، لۆمەی پارێزگاری سەپێنراو دەكەن و داوا دەكەن لە دەستی ئەو پارێزگارە رزگاریان ببێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە نیازن لەسەر كەسێك رێكبكەون تا ببێتە پارێزگاری كەركووك، چونكە ئەو دوو پارتە توانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەكاندا ببنە زۆرینە و ئەو كورسییە وەكوو ماف، مافی كوردە.