عێراق مەرجی قورسی بۆ قوتابیانی سکۆلەرشیپی خوێندنی باڵا داناوە

بەگوێرەی زانیاریەکان ھۆکاری مەرجە سەختەکانی حکوومەتی عێراق بۆ خوێندنی سکۆلەرشیپی خوێندنی باڵا کە دیاری کردووە، بەهۆی ئەوە بووە پێشتر بەشێک لەو قوتابیان کاتێک بۆ خوێندن چوونەتە دەرەوەی وڵات نەگەڕاونەتەوە، لەبەر ئەوە ژمارەیەک مەرجی سەختی داناوە.

ھەنگاو عومەر حاجی: کاندیدی دەرچوو ڕاگەیاند، بەشێک لە قوتابیانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، چوونەتە دەرەوە، بەڵام ئێمە هێشتا لێرە ماوین، مەترسییەکەش ئەوەیە ئەگەر تاوەکوو دوو ساڵی دیکە گەشت نەکەین ئەوە پرۆسەکە هەڵدەوەشێتەوە.

بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆرا و ڕاھێنانی پزیشکی حکوومەتی عێراق بەرنامەی سکۆلەرشیپی دەست پێ کردووە، پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەسەدا 14 دیاری کراوە، کە بۆ خولی یەکەم 48 قوتابی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوون، لە خولی دووەم ژمارەی قوتابیان گەیشتوەتە زیاتر لە 100 قوتابی، دەرگاش بۆ خولی سێیەم کراوەتەوە، مەرجەکانیش بۆ قوتابیانی ھەرێمی کوردستان سەختن

دەبێ ھەر قوتابیەک شەش کەس بکاتە کەفیل کە دوو لەو کەسانە فەرمانبەر بن لە حکوومەتی عێراق، چوارەکەی دیکەش پلەی فەرمانبەریان لە سەرووی پلە 6 بێت، رەھنی خانوو یان زەویش دابنرێت تا کۆتای پرۆسەی خوێندن، ھۆکاری ئەم رێکارە سەختانە بەھۆی نەگەڕانەوەی بەشێک لە قوتابیان بووە، ئەم مەرجانە بۆ کاندیدانی ھەرێمی کوردستان سەختن، ھەوڵیش بۆ چارەسەرکردنیان دەستی پێ کردوە

ئاشتی عەبدوڵڵا عومەر: بەرپرسی سکۆلەرشیپی عێراق گوتی: ئێمە خەریکی چارەکردنی کێشەکەداین، لەماوەیەکی نزیک ئەو ڕێنماییانەی کە لەلەفالەکەتەکەدا هاتووە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، بەمەش دەتوانن کاندیدانی سەرکەوتوو بە ئاسانی گەشتەکەی خۆیان بکەن بۆ ئەو وڵاتەی کە لێی دەخوێنن.