ڕائیب جادر – هەولێر
تا ئێستا چارەنووسی ٢٥٩٢ ئێزدی نادیارە کە لە لایەن داعشەوە ڕفێنراون. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش، دەڵێت، داعش ناوی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی گۆڕیوە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شارەکە لە داعش ڕزگار کرا، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، زۆربەی ڕفێندراوەکان لە سووریان، بۆیە سوودانی داوای کردووە ھەماھەنگی بکرێت بۆ گەڕاندنەوەیان و کار بکرێت بۆ دۆزینەوەیان لە کەمپی ھۆل و کەمپەکانی باکووری سووریا. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: داعش ناوی ئێزدییە ڕفێندراوەکانیان گۆڕیوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان زۆربەیان لە کەمپی ھۆل و کەمپەکانی باکووری سووریا و تورکیان.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، جەختیشی کردەوە، حکوومەتی عێراق بەپێی دەستوور و یاسا پابەندە بە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ھاووڵاتییانی ڕفێنراو و بێسەروشوێنکراو لە وڵاتانی جیھان کە لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون. ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، داوا لە حکوومەتی نوێی سووریاش دەکات بە دۆزینەوە و ڕزگارکردنی ئەم ڕفێنراوانە بیسەلمێنیت کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کەمینەکان دەگرێت.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دووپاتیشی کردەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو بەرنامەیەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی ٢٩٠٠ ئێزدی دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە.