سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی کاهوو بۆ تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە بزانە

لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، هەڵبژاردنی خۆراکی گونجاو و بەسوود بۆ هەندێک کەس قورسە، بەڵام سەوزەی گەڵاداری وەک ‘کاهوو’ بە یەکێک لە باشترین بژاردەکان دادەنرێت، کە دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەو پێیەی چەندین سوودی تەندروستی بۆ نەخۆشانی شەکرە هەیە.

کاهوو دەوڵەمەندە بە چەندین ماددەی خۆراکی وەک ڤیتامین A و ڤیتامین K، هەروەها یارمەتیت دەدات بە خێرایی هەست بە تێربوون بکەیت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی دەیلی میدیکاڵ، کاهوو چەندین سوودی تەندروستی هەیە، لەنێویاندا ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن ، هەروەها نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن.

کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی پزیشکی چەندین سوودی کاهوو ئاشکرا دەکەن:-

– خواردنی کاهوو یارمەتی دەدات لە ڕێگریی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم.

– کاهوو بڕێکی زۆر ماددەی دژە ئۆکسانی تێدایە، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی لەش لە نەخۆشیەکان و بەرزکردنەوەی توانای بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی لەش.

– کاهوو ماددەی دژە هەوکردنی تێدایە، کە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریی لە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە، وەکو شێرپەنجەی خوێن و شێرپەنجەی مەمک.

– کاهوو بڕێکی زۆر ئاو و ڕیشاڵی خۆراکی تێدایە، کە یارمەتیت دەدات، هەست بە تێربوون بکەیت، بۆیە کاهوو بە یەکێک لە باشترین سەوزەکان دادەنرێت کە دەتوانرێت لە ڕێجیمەکاندا بخورێت.

– کاهوو هەندێک ماددەی تێدایە کە یارمەتی هێورکردنەوەی دەمارەکان و باشترکردنی سیستەمی خەو دەدات، هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ماددانە بەشدارن لە چارەکردنی دڵەڕاوکێ.

– خواردنی کاهوو بە بەردەوامی، یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ دەدات، کە هۆیەکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ.