عومەر چنگیانی
بەشی جوارەم
گەرچی بارودۆخی ئێستای شەقامی كوردی و ناوچەكە، وای دەخواست گۆشەكەم تیشكخستنە سەربابەتیێكی گەرمو گوڕی ئەم سەرمایە بێت – هیچ نەبێت لەگۆشەنیگای خۆمەوە – وەلێ پێمخۆش نەبوو باەتەكە بپچڕم لەلایەك و باری نالەباری تەندروستیشم دەرفەتی چوونە نێو ئەو گێژاوە نادا، نەخاسمە كە ئێستا لەكاتی نووسینی گۆشەی ئەم هەفتەیەدا لەوەرگرتنی چارەسەرم لە دەرەوەی كوردستان، بۆیە دەچمەوە نێو بابەتەكەی خۆم:
دەبینین، لە دوای ئەم ترساندنە دەفەرمێتەوە :
“ئەو ڕۆژە، ڕۆژێكە كە دۆزەخ، وەیل، تێیدا بۆ ئەوكەسانەیە كە ئایینیان بە درۆ داناوە و پێغەمبەرانیان بەدرۆ زانیوە”.
دوو تێبینیيەكی گرنگ:
1.وتنەوەی ئەم ڕستەیە لەم شوێنی دووەمەدا لە ڕووی ڕواڵەتەوە یەك مانایەتی دەگەیێنێت، بەڵام، ڕاستییەكەی ئەوەیە لە هەرجێگایەكا بە پێی شوێنەكە بەرپەرچدانەوەی بەدرۆزانەرانە.
2.زۆر جار گوێبیستی وتارخوێنێك دەبین كە وشەی “كذلك” لە قورئاندا دێتە پێش بە كوردی و كورتییەكەی دەڵێ: ئاوەها، بەڵام لەڕاستیدا ئەو وشەیە لەناو خۆیدا چوار وشەیە نەك یەك! “كاف”ی تەشبیه و “ذا”ی ئیسمی ئیشارە و “لام”ی خیتابی دوور و كافی “خطاب” بۆیە ئەركە لە سەر هەر بانگەواز خواز یان مامۆستایەك زۆر بە وردبینییەوە وەرگێڕانەكانیان بكەن.
لە كۆپلەیەكی تری نێو ئەم سوورەتی “والمرسلات”ـە دا و لە ئایەتەكانی “20و21و22و23” دێتە سەر بیرهێنانەوەی ئافرانی مرۆڤەكان و ڕووی گوتاریان تێ دەكا – نەخاسمە سەركەشەكانیان – و دەفەرمێت:
“مەگەر ئەوە ئێمە نین كە لە ئاوێكی نەرمی كەمتوانا و لاواز، ئێوەمان دروست كردووە؟”.
بێن با كەمێك لەم ئایەتە ورد بینەوە:
1/ وشەی “مَهینْ” داڕشتنێكە “فەعیل” لە (مَهُنَ؛ بە دەربڕینە کوردییەکەی: مەهونە) بە مانا لاوازییە، نەك لە وشەی “هان”ـە بە مانا كەمبەها و كەمڕێز بێت.
جا لە ڕووی ڕواڵەتەوە، لاوازییەکەی ئاوەكە – وەك خۆی – دیارە، كە خوا گیان كردوویەتیە هۆكاری بوونەكە.
2/ هەر خوا خۆیەتی كە لە نێو ئەو “ئاو”ەدا ئەو هەموو ژیان و بوون و گیانلەبەرەی ئافراندووە و دواتر بە قۆناغەكانی تردا دەیبات.
3/ كە خوای گەورە لە نێو قورئانی پڕ لە بەخششدا باسی ئاوی كردووە بە شێوەیەكی گشتی، لە سیهەم ئایەتی سوورەتی “ئەنبیا”دا دەفەرمێت:
“ئێمە لە ئاو هەموو شتێكی بەگیانمان دروست كردووە، یان ئاومان كردووەتە هۆكاری ژیان، ئەرێ بڕوا ناهێنن”؟
4/ دەكرێ لێرەدا و لەم باسی “ئاو”ە كە مەبەست لێی (تۆم؛ نوتفە و سپێرم)ـە، مەبەستی ئاوی هەردوو لا بێت ـ ژن و پیاو ـ كە بۆ خۆی لە ئایەتی شەش و حەوتی سورەتی “تارق”ـدا دەفەرمێت:
“لە ئاوێك دروست كراوە كە بە پڕتاو و تەوژم و گوژم و خێرا و فرتە و ڕاچڵەكاندن و ئاسوودەبەخشینەوە لە نێوان پشت و سینگ دێتە دەرەوە”.
دەشكرێ مەبەستی لە ئاو “ئاو”ی پیاو بێت، وەك پێمان بفەرمێت: بە زۆری ئەوانەی ملهوڕن و لە كۆمەڵگای پیاوسالاریدا نازینیان بە خۆیان و نەناسینیان بۆ خۆیان سنووربەزێنە و بۆ خۆیشیان چاك دەزانن لە دەرەنجامی ئاوێتە بوون و بوونی ئاوی باوكەکەیان ئافرێنراون!.
5/ ناكرێ ئێمە باس لە قورئان بكەین و دیمەن و وێنەی سەردەمی هاتنەخوارەوەی كاتی ئایەتەكان فەرامۆش بكەین، چونكە وەك بابەت و یاسایەكی زانستیی لای خوێندەوارەكان ئەوە هەیە و دەیزانن كە هەمیشە دەیڵێن و گوتوویانە: “وێنەی كاتی هاتنەخوارە و هۆكار، هەمیشە دەبێ لە پێش چاو بگیرێت و جێگای ببێتەوە”.
ڕاستە ئێستا من لە كاتی ئەم لێكدانەوەیەمدا بۆ ئەم چەند ئایەتە، لە ڕۆژی “دەی محەڕەمی 1438ی كۆچی”ـدام بە لانی كەمەوە مێژووی هاتنەخوارەوەی ئەم ئایەتانە پترە لەو مێژووەیش بە چەند ساڵێك، چونكە ئایەتەكان مەكەیین، بەڵام دەبێ لە كاتی لێكدانەوەیاندا سەركەش و هەقنەویستە “ئەبوجەهلە”كانمان بێتەوە پێش چاو و بەردەم، ئەگەر وامان كرد باشتر و وردتر تێیان دەگەین و لێیان فێر دەبین، ئەوەتا بۆ كاری دنیامان ئەو مافە نادەین بە خۆمان بە پێوەری ئەمڕۆ گازندە لە قۆناغەكانی پێش خۆمان بكەین، دەبێ لەم لێكدانەوانەیشماندا ئەو وێنانەی كاتی خۆی هەبوون، هەمیشە لە بەرچاوماندا بەرجەستە ببن!
پاشان دەفەرمێت:
“ئەرێ ئەو ئاوەمان لە شوێنێكدا جێگیر نەكرد، كە تیایدا گەشە بكا و نما بكا و شوێنەكەیش پارێزگاریی لێ بكات و توانای پارێزگاریكردنی هەبێت”؟
دەی خۆ هەر ئەقڵدارێك دەزانێ كە ئەو سیفەتی لە ئامێزگرتن و حەواندنەوە و گۆشكردنەی “تۆ”وە، دامەنی خانمە، كە ‘پێشەڵ’ـیەتی، نەك شوێنێكی تری!
زانستە كە پێمان دەڵێ ئەوكاتەی منداڵێكی بلوورینیش لە كۆكردنەوەی تۆوی دوو توخمەی نێر و مێی مرۆڤ پێك دێنن، دواتر هەر دەبێ بیبەنەوە نێو پزدان (ڕەحم)ـی خانمەكە و قۆناغەكانی ببڕێت!
وەرن با سەری كڕنۆش بخەینە سەر زەوی بۆ خوا، لە ئاستی وردەكارییەكانی ئەم قورئانە پڕ لە حیكمەت و زانستە نەبڕاوانەدا.
ئەو شوێنەی ئەو ئاوەی تێدا جێگیر دەكرێت، دەبێتە خاوەنی ئەو چەند نمەیە و دواتر دەرفەت نادات هی تری لەگەڵدا جێگیر ببێ، ببینن دوو وشەی “قرار” و “مكین” نیشتەجێبوون و بە خاوەن دەسەڵات و هێزكردن.
ئاخر هەر پیاوێك لەگەڵ خێزانەكەی كە جووت بوو، خوا ویستی لێ بوو دروست بوونەكە دەست پێ بكات، خۆ ئیتر ڕێگا لەوە ناگیرێت پێكەوە جووت ببنەوە، ئەی چی وا دەكا تەنها یەك “نمە” جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە خاوەنی شوێنەكە و شوێنەكەیش دەمی بۆ دەكاتەوە و لە ئامێزی دەگرێ و گۆشی دەكا و هەر نمەیەكی تر بێت لە دەرگا بدات بێسوود دەبێت؟
خوایە تۆ زۆر لەوە گەورەتری، “من” بتوانم لێكدانەوە بۆ ئایەتەكانی قورئانەكەی تۆ بكەم و لە كەمتەرخەمیمان ببوورە.
ماویەتی.