شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان ڕێککەوتن

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیانراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکی هاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان گەیشتنە ڕێککەوتن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “ئەمڕۆ دوو شەممە 10ـی شوباتی 2025، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشیان لە شاری بەغدا، لیژنەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە ڕێكەوتن.

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان لەمانگی تەمووزی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی هاوتاکردنەکە جێبەجێ کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکوومەتی فیدرالە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە.

سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕۆژی 15ـی کانوونی دووەمی 2025، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی هەمواركراوی جێبەجێ کرد و بەم جۆرەش تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە 63 ساڵەوە کەم کرایەوە بۆ 60 ساڵ.