سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیماڕات

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی، بەرەو دەوڵەتی ئیمارات بەڕێ کەوت، بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان، کە ڕۆژانی 11 تا 13ی ئەم مانگە، لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت. لە پەراوێزی لوتکەکەدا، سەرۆکوەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان ئەنجام دەدات.
لەم دیدارانەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و لایەنە بەشداربووەکانی لوتکەکە و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشەپێدان دەکرێت، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە. بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریی چالاکانەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەر و هاوبەشێکی کاریگەر و جێی متمانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.