ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گرفت و کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای ٢٢ مانگ لە وەستانی بەپێی ڕێککەوتنی ھەر دوو حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، جارێکی دیکە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە، لە ھەمواری یاسای بودجە بەرھەمھێنان و ھەناردەی نەوتی کوردستان بۆ ھەر بەرمیلێک ١٦ دۆلار دیاری کراوە. شارەزایانی بواری نەوت و وزە، دەڵێن، ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان گرفت و کێشە داراییەکان چارە دەکات و جارێکی دیکە عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەبەستێتەوە.

لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداری ٢٠٢٣، بەھۆی سکاڵای حکوومەتی عێراق ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیرا.
پەرلەمانی عێراق، یەک شەممەی ڕابردوو ھەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵەی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەندکرد، کە ماددەی ١٢ی تایبەت بە دۆسیەی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بوو، بەوپێیە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
کێشەی سەرەکی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرھێنانی نەوت بوو، بەپێی ماددەی ١٢ لە ھەمواری یاسای بودجە، ١٦ دۆلار تەرخانکراوە وەکو تێچووی دەرھێنانی بەرمیلێک نەوت، ئەوەش بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژە و لیژنەیەک چاودێری دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی دەدرێت.
لە ماوەی ئەو ٢٢ مانگەدا، ھەناردەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی ھەرێمی کوردستان و ٧٥ ھەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بۆرییەکەوە وەستابوو، لەو ماوەیەدا ڕاگیرانی نەوتی کوردستان زیانی زیاتر لە ٢٢ ملیار دۆلار بە داھاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کەوتووە. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ھەنگاوەکانی دووەبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان دەستی پێکردووە کە ڕۆژانە ھەرێمی کوردستان دەبێت ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ لە بەندەری جەیھان بفرۆشێت و داھاتەکەی ڕادەستی حکوومەتی عێراقی بکات.
د. ئازاد محەممەد، پسپۆری بواری نەوت و وزە، بە بایەخەوە دەڕوانێتە پرۆسەی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھان و بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، نەوتی کوردستان، جارێکی دیکە عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەبەستێتەوە.
ئەو پسپۆرەی بواری نەوت و وزە، دەشڵێ: چارەکردنی ئەم کێشەیە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەنەکاندایە، ئابووری عێراق، ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکان کە وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەروەھا ئەو کۆمپانیانەی کە کار دەکەن لەسەر بەکارخستن، بۆڕیەکە و وێستگەکانی پەمپ و تا دوایی، واتە ھەموو لایەنەکان سوودمەند دەبن لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆڕی نەوتی جەیھان باشترین ڕێگایە بۆ ساغکردنی نەوت لە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، ئەم ھێلە بەبێ ھیچ کێشەیەک لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دروست کراوە توانای ھەیە نەک تەنیا ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت، بەڵکو تا یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بگوازێتەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا.
ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەڕووی داھاتەوە، داھاتی عێراق زیاد دەکات، مەتین حوسێن، شارەزای بواری دارایی و ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای دەکات، ھەناردەی نەوتی کوردستان گرفتە داراییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە دەکات.
ئەو شارەزایەی بواری دارایی و ئابووری، گوتیشی: کاتێک کە سەرچاوە داراییەکانی داھات زیاد بوون، بێگومان کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر مووچە و قوتی ئەو خەڵکە بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان کە چەندین ساڵە لەم ڕێگەیەوە نەوتی ھەناردە کردووە، بەڵام زۆرجار ھەر لەو ڕێگەیەوە بیانۆی جۆراوجۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دێنەوە، کە عێراق پابەند نابێت بە ڕێککەوتنەکانی، یان ھەرێمی کوردستان بۆ نموونە پابەند نییە، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لەو وڵاتە، بۆیە پێویستە عێراق ١٠٠% ڕێککەوتن و ئیلتیزاماتەکانی بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.