ڕائیب جادر – هەولێر
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان بۆ ئاوارەکان لەناو کەمپەکان زەحمەتر دەبێت، ئاوارەکانیش، دەڵێن، حکوومەتی عێراق لێی بەرپرسە و داوا دەکەن پێگری بە ڕێککەوتنەکان بکات و کار بۆ دورخستنەوەی ھێزە ناشەرعییەکان لە شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بکات. پەرلەمانتارێکی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، فراکسیۆنی پارتی بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی ئێزدییەکان دەکات و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات پێگری بەو ڕێککەوتنە بکات کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ئێمزای کردووە بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال.
زیاتر لە دە ساڵە بیست کەمپ لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ ھەن، زیاتر لە سێ سەد و سی و حەوت ھەزار ئاوارە و پەنابەر لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
ئاوارەکانی شنگال، لەڕێگەی ڕۆژنامەی “ھەولێر” داوا دەکەن لە ژیانی ئاوارەی ڕزگار بن و بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لێی دوورن.
ئاوارەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لە بەڵێنەکانی حکوومەتی عێراق بێ ھیوا بوونە، لەو دە ساڵەی لە ژیانی ئاوارەییدا دەژین جگە لە قسەی بریقەدار و گەورە ھیچ شتێکیان بۆ ئێمە نەکردووە، ئەوەی ھاوکاری ئێمە و کار بۆ گەڕانەوەی ئێمە دەکات تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
ئاوارەکان، جەخت لەوەش دەکەنەوە، وەرزی زستانە و لە ژیانێکی زۆر ناخۆشدا دەژین، حکوومەتی عێراق یەک لیتر نەوتی بە ئێمە نەداوە، لە ھەمان کاتدا ڕێگە نادات ڕێکخراوەکان ھاوکاری ئێمە بکەن، ئەوەش ژیانی ئێمەی زەحمەتر کردووە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پێگری بە ڕێککەوتنەکان بکات کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ئیمزای کردووە، بۆ دورخستنەوەی ھێزە ناشەرعییەکان لە شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانین دوای ماوەیەکی زۆر لە ئاوارەیی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەین.
بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرانبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە. شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: حکوومەتی عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە کێشەکانی شنگال چارە بکات، داوا دەکەین بە ئەرکی خۆی ھەستێت و ڕەوشی شنگال ئاسایی بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا مەلەفی شنگال بە جیددی وەرنەگیراوە، لە ھەمان کاتدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دۆسیەی ئاوارەکانی شنگالی پشتگوێ خستووە و یەک کاری بۆ ئاوارەکان بەتایبەتی خەڵکی شنگال نەکردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: فراکسیۆنی پارتی بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی ئاوارەکانی شنگال دەکات، بەردەوام داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات پێگری بەو ڕێککەوتنە بکات کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ئیمزای کردووە، بۆ ئەوەی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە نەمێنن و جارێکی دیکە ئەمن و ئەمان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.