ئەردۆغان حەوت وەزیری كابینەكەی دەگۆڕێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، لە ٢٣ی شوباتدا دەچێتە ناو كۆنگرەوە، بڕیارە چەند رۆژێك بەر لە دەستپێكردنی كۆنگرە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا و سەرۆكی ئاكەپە، حەوت وەزیری كابینەكەی بگۆڕێت.

دوای ئەو شكستە گەورەیەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ئەردۆغان بڕیاری دا گۆڕانكاری گەورە لە حیزبدا بكات، بۆ ئەمەش چاوەڕێی كۆنگرەی كرد، بەگوێرەی زانیارییەكان، لە كۆنگرەدا جیا لەوەی حەوت وەزیر دەگۆڕدرێن، لە هەمان كاتدا گۆڕانكاریی زۆر گەورە لە حیزبیشدا دەكرێت. بە گوێرەی زانیاریی چەند میدیایەكی نزیك لە ئاكەپە، چەند رۆژێك بەر لە ئەنجامدانی كۆنگرە، ئەردۆغان داوا لە حەوت وەزیر دەكات دەست لەكار بكێشنەوە، لە شوێنی ئەوان كەسی تر دادەنرێت، بەمەش دەیەوێت دەرگای گۆڕانكاری لە كۆنگرەدا لەناو حیزب بكاتەوە.
تەلەڤزیۆنی (TGRT)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو وەزیرانەی بڕیارە بگۆڕدرێن جارێ ئاشكرا نەكراوە، بەڵام باس لە گۆڕینی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری گەشتوگوزار، وەزیری گواستنەوە و داد دەكرێت، هەروەها چوار بریكاروەزیریش دەگۆڕدرێن.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان داوای لە چەند سەرۆك شارەوانییەكیش كردووە، خۆیان دەست لەكار بكێشننەوە، چونكە هیچ شتێكیان بۆ شارەكەیان نەكردووە. جا ئەگەر زۆرە، لەگەڵ وەزیرەكان، چەند سەرۆك شارەوانییەكیش بگۆڕدرێن.
لە كۆنگرەی ئاكەپەدا، قسەیەكی زۆر لەسەر گۆڕینی ٥٠٪ زیاتری ئەندامانی سەركردایەتییەکەی ئێستای حیزب دەكرێت، چونكە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، ئەوان بوونەتە هۆی شكستی ئاكەپە و گەلی توركیا لە ئاكەپە رازی نییە.لە هەموو هەڵبژاردنێكدا، واتە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی، بەردەوام ئەردۆغان دەنگی لە پارتەكەی زیاتر هێناوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە بەرپرسانی ئاكەپە لە پاشەكشەیان داوە و ئەردۆغانیش هەستی بەوە كردووە، بۆیە بڕیاری داوە گۆڕانكاری گەورە بكات. ماڵپەڕی (T24)ــی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، تاكە وەزیری كابینەی ئەردۆغان، كە گرەنتی كراوە و ناگۆڕێت و زیاتر گرنگی پێدەدرێت، محەمەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابوورییە، چونكە رۆڵی گەورەی هەبووە لە دابەزاندنی هەڵاوسانی ئابووریی لە توركیا.
شیمشەك، جیا لەوەی وەكوو وەزیری دەمێنێتەوە، قسە هەیە ببێتە ئەندامی سەركردایەتی ئاكەپە، چونكە ئەردۆغان گرنگی زۆری پێ دەدات و پێی وایە شیمشەك تاكە وەزیرە كارەكانی خۆی بە باشی كردووە و ئەنجامیشی بەدەست هێناوە. ئاكەپە، بە كۆنگرەبەستن خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا ئامادە دەكات، چونكە هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ناكرێت كە ٢٠٢٨ە، بەڵكوو توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت لەم گۆڕانكاریانەدا، بتوانێت رەوشی ئابووریی وڵاتەكەی چاك بكات و ئەوكات بچێتە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.