لیا سەیفەدین
خەتەنەکردنی کچان یان سەقەتکردنی ئەندامی زاوزێی کچان، یەکێکە لە دیاردە خراپەکانی کۆمەڵگای دواکەوتوو، بەجۆرێک لە توندوتیژی ناودەبرێت کە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، هەربۆیە لە جیهاندا 6ی مانگی شوبات بە رۆژی رووبەرووبوونەوەی خەتەکردنی کچان ناسێندرا.
خەتەنەکردنی مێینە یەکێکە لە دیاردە زەق و ناشرینەکانە زۆرترین ستەمە بۆسەر مافەکانی ئافرەت. کۆنترین نەریتە کولتوورییە لەسەر جەستەی کچان ئەنجام دەدرێت و لە چەندین کۆمەڵگە و کلتووری جیاواز دەبیندرێت، یەکێکە لە دیارە مەترسیدارەکانی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان کە زیاتر لە ٢٧ وڵاتی ئەفریقا ئەنجام دەدرێت دوای ئەفریقا بە ژمارەیەکی تۆزێک کەمتر لە ئاسیا و وڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی بەم شێوازە پێناسەی کردوە «ھەر پرۆسەیەک کە بەشێک یان کۆی لاچوونی ئەندامی زاوزێی مێینەی تێدا بێت بەبێ ھۆکاری پزیشکی» بریتییە لە خەتەنە.
ئەزموونی خەتەنەکردنی مێینە دەتوانێت ببێتە هۆی زەبر و زەنگی دەروونی درێژخایەن، لەوانە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، تێکچوونی فشاری دەروونی دوای زەبر و کێشە دروست دەکات لە حەز و پەیوەندییەکان ئافرەتان.
هەروەها لە ڕووی تەندروستییەوە
دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزییەکانی وەک تێکچوونی ئارەزووی سێکسی، و کێشەی سوڕی مانگانە، نەزۆکی و ئاڵۆزییەکان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا…
ئەم دیاردە پێشێلکردنێکی زەقی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە لەگەل چینی کچان و ئافرەتان ئەنجام دەدرێت.
ئەو کارە لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕ و ناشارەزاوە ئەنجام دەدرێت بە کەرەستەی نەشیاو، ئەوەش دەبێتە هۆی توشبوون و گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز و ڤایرۆسی جگەری، کە هەردوو نەخۆشییەکە چارەسەریشیان نییە، بۆیە هەرکارێک زیانی بۆ جەستەی مرۆڤەکان بێت، هەم لەڕووی پزیشکیەوە قەدەغەیە و نابێت بەهیچ شێوەیەک ئەنجام بدرێت. هەروەها دەستوەردانە لە سەربەخۆیی جەستەیی کە خودای گەورە بە کچانی بەخشیوە ئەم کردەوەیە بەبێ ڕەزامەندی کچان ئەنجام دەدرێت، مافی بڕیاردانیان لەسەر جەستەی خۆیان بێبەش دەکرێن ئەمە دەچێتە چوارچێوەی نایەکسانی و زیانبەخشی جێندەری بەردەوام، پێشێلکردنی مافەکانیان.
لەڕاستیدا خەتەنەکردن دیاردەیەکی زیانبەخشە کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و تەندروستی و خۆشگوزەرانی کچان و ژنان تێکدەدات. هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی خەتەنەکردن پێویستی بە ڕێبازی گشتگیر هەیە، لەوانە یاسادانان، پەروەردە، بەشداریکردنی کۆمەڵگا، و پشتگیریکردن بۆ ڕزگاربووان.
دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستانیش هێشتا ماوە و هەرچەندە بەراورد بە دەیەكانی رابردوو كەمی كردووە، بەڵام هێشتا لە شار و گوندە دووردەستەكان بەنهێنیی كچان خەتەنە دەكرێن.