کاریگەری سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ئافرەت

دڵسۆز ئیبراهیم سه‌عید
سەرمایەداریی سیستەمێکی ئابوورییەو لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوەو ئامانجی سەرەکی بەدەستهێنانی قازانجە، ئەم سیستەمە ڕێگا بە تاک یان کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان دەدات بە ئازادانە کاربکەن؛ لەگەڵ دەستێوەردانێکی سنوورداریی حکومەت، لە دونیای سەرمایەداریدا پیاوان زیاتر زاڵن و دەتوانن ئاسانتر دەستیان بە ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان بگات، بەڵام گەشەسەندنی سەرمایەداری بۆتە هۆی ئەوەی ئافرەتان ڕوو لە کار و بەرهەمهێنان بکەن، ئەمەش وا دەکات ئافرەتان و پیاوان ڕووبەڕووی بیرۆکەی نوێ ببنەوە، لە هەرێمی کورستان کاریگەری سەرمایەداری لەسەر ئافرەتان فرەلایەنە، بەهۆی چوارچێوەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، نۆرمەکانی کلتوری و داینامێکی سیاسی.
لێرەدا باس لە چەند لایەنێکی سەرەکی ئەم سیستەمە دەکەین:دوو هێندە بارگرانی کار: زۆر جار ئافرەتان ڕووبەڕووی بارگرانی دووانەی کار دەبنەوە؛ کە چاوەڕوان دەکرێت کاری ناو ماڵ و کاری دەرەوەی ماڵ و پیشەیان بەڕێوەببەن. لەلایەکی دیکە هاوکار نەبوونی پیاوان بەهۆی کلتوری کوردی و سەپاندنی کارەکانی ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ دەبێتە هۆی سنووردارکردنی کار بۆ ئافرەتان، چونکە نەبوونی چاودێری بۆ منداڵان و ئەو چاوەڕوانیانەی کۆمەڵگا سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت هەیەتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆڵی ناو ماڵ بۆ ئافرەتان لە پێشینە دابنێن، بەڵام سیستەمی سەرمایەداری ئاسانکاری کردووە کە ئافرەتان بتوانن دەست بە کاری بچووک بکەن و لە ماڵەکانی خۆیانەوە دەرفەتی وەبەرهێنانیان هەبێت و دەست بە کارەکانیان بکەن.
ئابووریی نافەرمی و دەرفەتی فریلانس: سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیا و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان دەرفەتی نوێی فریلانس بۆ ئافرەتان لە بوارەکانی وەک گرافیک دیزاین، نووسین و فرۆشتنی تاکەکەسی ئۆنڵاین دروستکردووە، ئێستا ئافرەتان دەتوانن لە ماڵەوە کار بکەن و هاوسەنگی لە نێوان ڕۆڵی خێزانی نەریتی لەگەڵ کار دروست بکەن.کاریگەریی کلتور و نەریتی پیاوسالاریی: سەرمایەداری لە کورستان لەگەڵ نۆرمەکانی پیاوسالاری ڕەگی داکوتاوە، هەندێک جار کاردانەوەی کۆمەڵگا بەرامبەر ئافرەت گەورەتر دەکات، بۆ نموونە بەهێزکردنی ئابووری ئافرەتان دەتوانێت کاردانەوەی کۆمەڵگا کۆنەپەرستەکان بورووژێنێت. لە ڕێگای دروستکردنی بانگەشە و هەواڵی ناڕاست بە چۆنییەتی گەشتنی خانمان بە کاری سەربەخۆیی خۆیان.
نایەکسانی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونی چینایەتی: سەرمایەداری دابەشبوونی چینایەتی زیاتر کردووە، کە لە ناو خانمانیش بەڕوونی دەردەکەوێت، لە ناوەندە شارییەکانی وەک هەولێر و سلێمانی بەشێک لە ئافرەتان سەربەخۆیی دارایی و کاری سەربەخۆیان هەیە، کە توانیویانە خاوەندارێتی براندی جل و بەرگ و بواری دیکەی جوانکاری خانمان و کەلوپەلی ناوماڵ بکەن؛ لە پیشەکانی وەک خواردنگە و پەروەردە و سەنتەرەکانی جوانکاری ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت، بەڵام لە ناوچە گوندنشین و شارە بچووکەکاندا دەستڕاگەشتن بەم کارانە سنووردارە، هەروەها لە شوێنی کۆچ و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە دەرفەتی کاری سنوودار هەیە بۆ خانمان لەوانەش کاری ناوماڵ و کارە کەم مووچەکان.لە کۆتایدا، لە کاتێکدا سەرمایەداریی لە کوردستان هەندێک دەرفەتی بۆ ئافرەتان ڕەخساندووە، کە ئاسانتر دەستیان بەکاری سەربەخۆیی خۆیان بگات و بتوانن لە بازرگانی بچووکەوە پەرە بەکارەکانیان بدەن، بەڵام هێشتا ئاسته‌نگ و بەربەستەکانی بەردەم ئافرەتان ڕێگرێکی دیارن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم ئافرەت پێویستمان بە گۆڕانێکی سیستماتیکی هەیە، لەوانە لە ڕێگای کەرتی پەروەردە و خوێندن و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی نۆرمەکانی پیاوسالاری.