حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەست دەكەن بە وەجبەی دووەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و لەم وەجبەیەدا زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر زەوییان پێ دەدرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە “لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و لەژێر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەست پێ دەکات”.
بڵاویشی كردەوە “مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لە وەرگرتنى زەوی سوودمەند دەبن”.
هەروەها بڵاوی كردەوە “پێدانی زەوی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە فەرمانبەرانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، ڕاپەڕین، گەرمیان و زاخۆ”.
لە 27ی ئاداری ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستان دا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.