سەدان فەرمانبەری وەزارەتی کارەبا ڕەزامەندیی پێدانی زەویان بۆ دەرچوو

سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، ناوی زیاتر لە 300 فەرمانبەری وەزارەتی کارەبا بۆ پێدانی زەوی گەڕاوەتەوە.

یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندیی لەسەر ناوی زیاتر لە 300 فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان داوە, بۆ ئەوەی زەوییان بدرێتێ.”

هەروەها ڕۆژی شەممە، 8-02-2025، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە “ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە 64 هەزار کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاوەتەوە، کە ئەو 64 هەزار ناوە پۆلیس و زێرەڤانی و فەرمانبەرانی ناوخۆ دەگرێتەوە.”

هەروەها ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ 9 هەزار پێشمەرگەش گەڕاوەتەوە، کە هەر فەرمانبەرێك،  ‏8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبوو بێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، لیستی ناوی نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچوو.

ڕۆژی 27ـی 3ـی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە ڕۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی ڕێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.