به‌ردی بناغه‌ی كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گوندی كۆری دانرا

 

به‌ گوژمه‌ی 377،581،000 دینار و له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ زۆنی (B)ی گوندی كۆری دانر و له‌ ماوه‌ی سێ مانگیشدا ته‌واو ده‌كرێت.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 9/2/2025 به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و كارزان عه‌بدولهادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی پرۆژەی کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی زۆنی (B) له‌ گوندی کۆری له‌ شاری هه‌ولێر دانرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پیرۆزباییان لە خاوەن زەوییەکانی ئەو زۆنەی گوندی کۆری کرد و جەختیان لە بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت کردەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەی پڕۆژەکە گوتی: گوژمەی ئەو پڕۆژەیە 377 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد شەقامەکان زیاتر دوو کیلۆمەتر و 700مەتر دەبن و لە ماوەی سەد ڕۆژدا کارەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو دەکرێت، هەروەها گوتیشی جەخت دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر شوێنێک خزمەتگوزاری پێویست بێت بۆ هاووڵاتییان، دەستی کارکردن و ئاوەدانی حکوومەت لەوێ دەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، ئەوەش بەپێی ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانی ئەو کار و خزمەتانە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتەوە جێبەجێ دەکرێن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکانی گوندی کۆری کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ دڵخۆشن بەوەی لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەی کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی زۆنی B لە گوندی کۆری دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد هەمیشە لەژێر ڕێنماییەکانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو جێگایانەی کە پێویستیانە خزمەتیان دەکرێت و بەردەوام دەبین. پارێزگاری هەولێر هیوای خواست کە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی بەشەکانی دیکەش لە گوندی کۆری جێبەجێ بکەن، دڵنیایی دا کاری باشتر و چاکتر لە داهاتوودا بۆ گوندی کۆری جێبەجێ دەکرێت.

گوژمه‌ی پرۆژه‌كه‌ (٣٧٧،٥٨١،٠٠٠) دیناره‌ و لەسەر ڕێژه‌ی 15%ی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت، ماوه‌ی ته‌واوبوونی پرۆژه‌كه‌ش 100 ڕۆژی بۆ دیاریكراوه‌، پێكهاته‌ی پرۆژه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ دروستکردنی شەقامە سەرکییەکانی گوندی كۆری بە درێژایی (٢٧٠٠م) و بە ڕووبەری (٦١،٠٠٠م٢).