دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، هەزاران چەکداری ئەفغانی و پاکستانی لە سووریاوە هاتوونەتە عێراق

بەشی ئینگلیزیی ڕۆژنامەی (ئیستیقلال)، کە ڕاپۆرت لەسەر باردۆخی شام و عێراق و یەمەن و غەزە بڵاودەکاتەوە، لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە هەزاران چەکداری تاقمە ملیشیاکانی (فاتمیوون و زەینەبیوون)، کە دوو تاقمی ملیشیایی ئەفغانی و پاکستانین و لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011، بە بیانووی پاراستنی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە چووبوونە سووریا و بەرگرییان لە ڕژێمی بەعسی سووریا دەکرد، لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەرەو خاکی عێراق هەڵهاتوون.

هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیاكانی ئەفغانی و پاکستانی بۆ عێراق، پرسیاری جددیی لەبارەی سروشتی ئەو تاقمە ملیشیاییە دروست کردووە، کە بۆچی نەگەڕاونەتەوە بۆ ئێران، یان وڵاتەکانی خۆیان، لەکاتێکدا چەکدارانی حزبوڵای لوبان گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان.

تادێت قسە و باسەکان لەسەر ئەوە زیاتر دەبن، کە ئایا ئەم تاقمە چەکدارانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە عێراق دەمێننەوە یان نا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هیچ لێدوانێکی فەرمیی عێراقی، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو هەزاران چەکدارە بیانییانە، کە بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی ئەو میلیشیا شیعانە، 35 هەزار چەکدارن، کە زۆرینەیان ئەفغانی و پاکستانین.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (بەغداد تودەی): “ئەندامانی میلیشیاکانی زەینەبیوون و فاتمیوون لە پارێزگای دیالەی عێراق، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، دوای گەڕانەوەیان لە سووریا بینراون و تاران داوای لە هاوپەیمانەکانی لە عێراق کردووە، کە ناردنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان دوابخەن”.

سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆژنامەی (ئیستیقلال)ی ڕاگەیاندووە: “میلیشیاکانی زەینەبیوون و فاتمیوون لەگەڵ گرووپە ملیشیاکانی دیکە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە عێراق ئامادەن و دەسەڵاتدارانی عێراقیش لەوبارەوە بێدەنگن”.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، “پێشبینی دەکرێت ئەم میلیشیا پاکستانی و ئەفغانییانە لە عێراق بە هۆکارێک نیشتەجێ ببن، کە تا ئێستا ناڕوونە، دۆخێک نیگەرانیی لەلای زۆر لە سیاسەتمەدارانی عێراقی دروست کردووە، بەتایبەتی کە ئێستا دۆناڵد ترەمپ بەرپرسی کۆشکی سپییە، ئیدارەکەی بەتوندی دژی بریکارەکانی ئێرانە و ئەگەری هەیە بیانکاتە ئامانج”.

جێگەی باسە، ئەو گرووپە ملیشیایانە، کە ناویان له لیستی تیرۆری سزاکانی ئەمریکادایە و بەپێی ماڵپەڕی (واشنتن ئینستیتیوت)ی ئەمریکی، سەرجەم ئەو چەکدارە شیعانە لە بنکەیەکی سەربازیی تایبەت بە لیوای 13ـی حەشدی شەعبی جێگیر کراون، کە قاسم موسڵیح سەرۆکایەتی دەکات و فەرمان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە وەردەگرێت.