بوومەلەرزەیەکی 7.6 پلەی ڕێختەری دەریای کاریبی شڵەقاند

بوومەلەرزەیەک بە هێزی 7.6 پلەی ڕێختەر دەریای کاریبی شڵەقاند و ناوەندێکی ئەمەریکیش هۆشداریی لە ڕوودانی کارەساتی سۆنامی دەدات و پێشبینی دەکات شەپۆلەکانی دەریا تا سێ مەتر بەرز ببنەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەممە 9ی شوباتی 2025، دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمەریکی لە ڕاگەیەندراوێکدا، هۆشداریی ڕوودانی کارەساتی سۆنامی لە هەر ئانوساتێکدا بە وڵاتانی کۆبا، هیندۆراس و دوورگەی کایمان دا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ناوەندی هۆشداریی لە شەپۆلەکانی سۆنامی لە ئۆقیانوسی هێمن، چەقی بوومەلەرزەکە لە دەریای کاریبی بووە و پێشبینی دەکات، بەرزیی شەپۆلەکانی دەریا لە کوبا بگاتە سێ مەتر و لە هیندۆراس و دوورگەی کایمان تاوەکوو مەترێک بەرز بێتەوە، هاوکات پێشبینی دەکات، شەپۆلەکانی سۆنامی بگاتە وڵاتانی دیکەش.