شیڤان شێرزاد – هەولێر
فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکەی جەزائیر بۆ شانۆی سێئەکتەری، یەکەمین خولی فێستیڤاڵە هونەرییەکەی بە بەشداری گرووپی هەوار و میوانداری سێزدە وڵاتی عەرەبی و جیهانی، رێکەوتی ٩ـی شوباتی ٢٠٢٥ بەڕێوە دەچێت و ماوەی پێنچ ڕۆژیش، جەزائیر شانۆی وڵاتان نمایش دەکات.
لە یەکەم هەنگاویشدا فێستیڤاڵە هونەرییەکە تیپە شانۆیەکی کوردی، میوانداری دەکات و ئەویش گرووپی هەواری کەرکووکە و لە دوای دەیان نمایش و چەندین خەڵاتی جیاواز بە شانۆگەریی “سەلمە” وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری لەم فێستیڤاڵه نێودەوڵەتییە دەکات.
“نەژاد نەجم” ڕاهێنەری ئەو تیپە شانۆییە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: “جێگەی خۆشحاڵیه شانۆگەریی “سەلمە” بە دوو زمانی جیاوازی وەک کوردی و عەرەبی لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی ئەو فێستیڤاڵە، کە چەندین پانێڵ و سیمیناری لەخۆ گرتووە ئەمڕۆ ئێواره بە زمانی عەرەبی و بە بەشداری ئەکتەرێکی تونسی نمایش دەکرێت.”
گوتیشی: گرووپی شانۆی هەوار ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ بەشداریکردن لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی نێودەوڵەتی، هەروەها لەو فێستیڤاڵە جەزائیردا وۆرکشۆپێکی تایبەتم بۆ فێرخوازانی شانۆ ئامادەیە و لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فێستیڤاڵەکە بە ناویشانی “شانۆی وێنە” پێشکەشی دەکەم و، گرنگیی بەشداریکردنی ئێمەش لەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیانەدا، ئەوەیە کە وڵاتان بە جووڵە و پەیامە شانۆییەکان کولتوور و فەرهەنگ و قوربانیەکانی گەلی کورد بە گوێی وڵاتان دەچپێنین، کە ڕەنگە هەندێک وڵاتی جیهان تا ئێستا ئاشنا نەبێت بە ئازارەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆچی گەنجانی کورد و هونەر و کولتوورە دەوڵەمەندەکەی، بۆیە بە شانۆ پەیامی خۆمان دەگەیەنینە ئەوان.