لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکات، کە بریتین لە گەڕەکەکانی (کوران، ڕزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی)، کە زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆ گرتووە.
پێشتر گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی) بە 22 هەزار هاوبەشەوە کرابوونە 24 کاتژمێری و بەم شێوەیە کۆی گشتی 50 هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.
هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردوو پارێزگەی سلێمانی و دهۆک دەستیان پێ کردووە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگەیانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری.
بۆ زانیاریی زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی، لە ڕێگەی ژمارە (1992)، لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان کێشەیەک، سەنتەرەکە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکوو 9ی شەو بەردەستە.