ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بە چالاکیی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق بهێنێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی ڕێ لە چالاکیی گرووپە میلیشیا توندڕەوەکانی شیعە لە عێراق بگرێت و جگە لەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن چەند جارێک ئەو داواکارییەی دووپات کردووەتەوە، ئەو گوشارەی خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق تا خۆی چارەنووسی ئەو هێزانە یەکلایی بکاتەوە بەر لەوەی کە ئەمەریکا یەکلاییان بکاتەوە. بەدەر لە حکوومەتی ئەمەریکا لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەشەوە هەوڵی جیا و جیددی بەرانبەر ئەو گرووپە میلیشیایانە گیراوەتە بەر و داوا دەکرێت بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.

گرووپە چەکدارە میلیشیاکان لە ڕاستیدا ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبین کە لە شەڕ و ململانێ و ناکۆکییە ناوچەییەکاندا بە تایبەتی لە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئیسرائیل زیاتر ڕۆڵیان هەبووە و لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدا خۆیان پێناسە کردووە، لە حکوومەتی عێراق پارە وەردەگرن بەڵام فەرمانەکانی دەرەوەی عێراق جێبەجێ دەکەن و حکوومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە.
ئەوان لە بازرگانی و قاچاخچێتییەوە بگرە تا دەگاتە کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنی و دەروازە سنوورییەکان و گواستنەوەی چەک و چاوسوورکردنەوە لە خەڵک ڕۆڵیان هەیە و هەر جارە و لە ژێر ناوی گرووپێکی نوێدا خۆیان نوێ دەکەنەوە.
ئەو گرووپانە لە ڕابردوودا چەندین جار بنکەکانی ئەمەریکا و ناوەندە دیپلۆماسییەکانیان لە عێراق کردووەتە ئامانج و تەنانەت بوونەتە هۆی کوژرانی ئەمەریکییەکان و لە دەرەوەی خاکی عێراقیش چالاکییان هەبووە و زیانیان بە ئەمەریکا گەیاندووە و تەنانەت کۆمەڵێک سەربازی ئەمەریکییان کوشتووە. هەر ئەو گرووپانە بە درۆن و هاوەن ناوەندە بازرگانی و سەربازی و تەنانەت شوێنە مەدەنییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج و هەندێک جار بەرپرسیارێتیی هێرشەکانیان بە ئەستۆ گرتووە و لە هەندێک هێرشیدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
تا حکوومەتی بەشار ئەسەد مابوو مەیدانی چالاکیی ئەو گرووپانەش لە ناوچەکەدا بەرفراوانتر بوو و لە عێراقەوە چەک و هێزیان بەرەو سووریا دەگواستەوە بێ ئەوەی حکوومەتی فەرمیی عێراق دەسەڵاتیان پێیان بشکێت.
بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئەو گرووپانە بە ڕاشکاوی باسیان لەوە کرد کە هێزیان بۆ سووریا گواستووەتەوە تا فریای ڕزگارکردنی حکوومەتی ئەسەد بکەون لەکاتێکدا حکوومەتی عێراق بێلایەنیی خۆی لە ڕووداوەکانی سووریا ڕاگەیاندبوو و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتی کردەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا بکات و تەنیا باسی لەوە کرد کە دژی پەڕینەوەی تیرۆریستان بۆ ناو سنووری عێراق بەرگری لە خاکی وڵات دەکەن.
مانگی ڕابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەردانی تارانی کرد و یەکێک لەو تەوەرە گرینگانەیش کە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی خستیە بەر باس، پرسی چارەنووسی ئەو هێزانە بوو و سوودانی داوای لە تاران کردبوو رەچاوی دۆخی تایبەتیی عێراق بکات و نەیخاتە نێو ئاگری ململانێکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
جگە لە حکوومەتی ئەمەریکا، بەرپرسانی باڵای کۆنگرێس و سێناتۆرەکان لە هەوڵێکی تردان بۆ ئەوەی کۆتایی بە چالاکیی ئەو گرووپانە بهێنن کە لە عێراق کار دەکەن.
لە نوێترین داواکاریدا دوازدە کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داوایان کردووە ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراقی بخرێنە لیستی تیرۆرەوە.
جۆ ویڵسن سەرۆکایەتی ئەو داواکارییە دەکات کە کۆنگرێسمانێکی ناسراوی کۆماریخوازەکانە و دوێنێ لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس بەڵگەی داواکارییەکەی بڵاو کردەوە کە دوازدە کۆنگرێسمان پێشکەشیان کردووە و واژۆیان بەسەر داواکارییەکە دیارە.
ئەوان داوایان لە حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ کردووە ژمارەیەک لەو گرووپە میلیشیایانە بخاتە لیستی تیرۆرەوە و لە داواکارییەکەدا ئاماژە بە ناوی گرووپەکان کراوە کە بریتین لە ڕێکخراوی بەدر، حزبوڵای عێراقی، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی جوندولئیمام، کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا، گرووپی جیهاد و سەرایای خۆراسانی و فاتمیون و زەینەبیون و چەندان گروپی دیکە کە سەرجەمیان لە ئێران فەرمان وەردەگرن و بەشێکی سەرەکین لەو بەرەیەی بە ناوی مقاوەمە لە عێراق ناویان دەهێنرێت.
عێراق کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی ململانێی وڵاتان و ئەگەر لە ڕابردوودا لە بەشێک لە هەنگاوەکانی چاوپۆشی دەکرا، پێدەچێ ئەم جارە بخرێتە ژێر باری بەرپرسیارێتیی و بە لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکەی ترەمپ لە نێوان ئەمەریکا و ئەربابی ئەو گرووپانەدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.