دەربارەی ڕوانگەو ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە پرسی گۆڕانکارییەکانی سووریا، هێمن هەورامی، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووە و لەو کۆبوونەوانەشدا بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بایەخەوە پێگەو رۆڵی سەرۆک بارزانییان لە نزیکتر کردنەوەی لایەنە کوردییەکان ھەڵسەنگاند و بەردەوامی ئەم ھەوڵانەیان بە پڕ بایەخ وەسف کرد.
شەممە 8ـی شوباتی 2025، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ تۆم رۆسنبێرگەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سووریا و ناوچەکە و سکۆت بۆڵتز، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا کۆبوویەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوانەدا هێمن هەورامی، ھەوڵ و ھەنگاوەکان و پەرۆشی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی و سەقامگیری و یەکڕیزی کورد لەگۆڕانکارییەکان، بۆ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خستە روو.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە بایەخەوە پێگەو رۆڵی سەرۆک بارزانییان ھەڵسەنگاند لە نزیکتر کردنەوەی لایەنە کوردییەکان و بەردەوامی ئەم ھەوڵانەیان بە پڕ بایەخ وەسف کرد.
هێمن هەورامی دەڵێت: لەسەر دۆخی قۆناغی گواستنەوە لە دیمەشق و دۆخی ئاسایشی سووریا و لێکەوتەکانی بۆ ئاسایشی ھەرێمایەتی و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی و ئارامی گشتی ناوچەکە، گفتوگۆیەکی وردمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ھەبوو.