مەکسیک ژمارەی کۆچبەرە گەڕێنراوەکانی لە ئەمەریکاوە ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی مەکسیک: لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ هاتووەتە سەر دەسەڵات، هەزاران کۆچبەر دیپۆرتی وڵاتەکەمان کراونەتەوە.

کلۆدیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک ڕایگەیاند، لەوەتەی دۆنالد ترەمپ دەستبەکار بووە، وڵاتەکەی پێشوازیی لە نزیکەی 11 هەزار کۆچبەر کردووە کە لە ئەمەریکاوە گەڕێنراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەناو ئەم دیپۆرتکراوانەشدا نزیکەی 2500 کۆچبەریان مەکسیکی نین.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، شەینباوم، لەگەڵ ترەمپ گەیشتە ڕێکەوتنێک بۆ ڕاگرتنی باجی سەر کاڵا مەکسیکییەکان لە بەرانبەر جێگیرکردنی هەزاران پۆلیس لەسەر سنووری باکووری وڵاتەکە لەگەڵ ئەمەریکا، ئەمەش بۆ ڕێگریی لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەمەریکا.

شەینباوم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، مەکسیک کۆچبەرانی دیپۆرتکراویشی  لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانی و وشکانیەکانەوە گەڕاندووەتەوە هندۆراس، جەختیشی کردەوە، گەڕانەوەیان بە زۆرەملێ نەبووە.

باسی لەوەش کردووە “ناردنەوەی کۆچبەران بۆ هیندۆراس خۆبەخشانەیە، ئێمە هاوکارییان دەکەین تا ئەو کاتەی دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.”