بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبیل لە ڕێگەی نێوان قەسری شیرین و سەرپێلی زەهاو چوار کەس گیانیان سپارد و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، هەینی 7ی شوباتی 2025، لە ڕۆژئاوای شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک گوندی سەید ئەحمەد، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو شارۆچکەی قەسری شیرین و سەرپێلی زەهاو، دوو ئۆتۆمبیل لە جۆری چێری و پیجۆ 405 پێکیانداداوە.
بە گوتەی سێروس فەلاحی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی قەسری شیرین، لەم ڕووداوەدا سێ کەس هەر لە شوێنی پێکدادانە گیانیان سپاردووە و پێنج کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون کە یەکێکیان لە ڕێگەی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی سپاردووە.
هەروەها ئاماژەی داوە، چوار بریندارەکەی دیکەی ڕووداوەکە، لە نەخۆشخانەی گشتیی قەسری شیرین خەوێندراون، بەڵام تەندروستیان ناجێگرە.
بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆی قەسری شیرین لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا تاوەکوو ئێستا 17 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان سپاردووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی قوربانییەکان زیادیان کردووە.