وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام کۆبووەتەوە و، کۆنگرێسمانەکە سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و نیازی خۆی بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
پێنجشەممە 6ـی شووباتی 2025، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، “زۆر خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام جەمال حەماده لە نووسینگەیەکدا لە کاپیتوڵ هێل کۆبوومەوە.”
ئانۆ جەوهەر، دەڵێت: ئەبراهام جەمال حەماده سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکییە و داواکاری گشتی و ئەفسەری سەربازیی پێشووی وڵاتەکە بووە، هەروەها وەک ئەفسەری هەواڵگری لە سووپادا خزمەتی کردووە و مەدالیای خزمەتی شایستەیی وەرگرتووە.
وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، لە سەرەتای گفتوگۆکەماندا سڵاوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیم بە ئیبراهیم جەمال گەیاند و بانگهێشتم کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، لای خۆیەوە ئەبراهام خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سڵاوی خۆی گەیاندە سەرۆک وەزیران و نیازی خۆی بۆ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لەگەڵ کۆنگرێسمانەکەدا باسمان لە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و دۆخی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە تایبەتی کرد. هاوکات ئەبراهام پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی