شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوێنێ، ڕۆژی میوزیک و گۆرانیی ڕەسەن باوەشی بە هەولێردا کرد، کاتێک هەموو بەرپرس و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لە چاوەڕوانی دەنگێک بوون، کە تەواوی تەمەنی خۆی بە گۆرانی کوردی بەخشیووە و سەدای دەنگی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەیشتە هەولێری پایتەخت.
ئەو هونەرزانێکە لە مقامات و گۆرانی ڕەسەندا، کەسیش نیە ناوبانگی “عەزیزشاڕوخ” نەبیستبێت، کاتێک بە میلۆدییە کوردییەکانی “کیژۆڵەی چاوڕەش”ـەکانی هێنایە ژوانی گۆرانی و میوزیک.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە دیداری شاڕوخ هونەرزان دا بوو
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکیە هونەرییەکانیدا، دیدارێکی تایبەتی بۆ هونەرمەند “عەزیز شاڕوخ” ڕێکخست و وەک ڕێز و وەفایەک لە دیوانی وەزارەتدا تابلۆی ڕێز و خۆشەویستی پێشکەشی ئەو هونەرزانەی کورد کرد.
دوێنێش لەسەر تەختی هۆڵی پێشەوای هەولێردا، بە ئامادەبوونی “ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر و “ئاریان سەڵاحەدین” بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و “سەلیم قادر” جێگری بەڕێوەبەری گشتی و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومی و حیزبی و رۆشنبیران و هونەرمەندان، بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیای كوردستان، گرووپی چەمبەر موزیكی هەولێر و ڕێكخراوی پەرەپێدانی كاری ڕاگەیاندن، كۆنسێرتی “یادگاری شیرین”ـیان هونەرمەند (عەزیز شاڕوخ) پێشكەش كرد.
کۆنسێرتی یادگاری شیرین هەولێری ڕازاندەوە
یادگاری شیرین، ناونیشانی ئەو كۆنسێرتە بوو، کە چەپکێک گۆرانی و موزیكی نەمری تا ئەمڕۆش زیندووی لێ پێشكەشكرا و ئامادەبووان بە گۆرانییە ڕەسەنەکانی ئەو هونەرمەندە هەمووانی بردەوە نێو یاد و یادگارە جوانەکانی سەدەی ڕابردوو، کە دێڕە شیعری و میلۆدییە کوردییەکانی ناخیان هەمووانی پڕ لە فرمێسک کرد، بەتایبەت کاتێک گوێبیستی “کیژۆڵەی چاوڕەش و زەمانە” بوون، گەڕانەوەیەک بوو بۆ ژینی ڕابردوو، کە هەست و هزری هەمووانی هێنایه هەژان و بە دەنگێکی چیایی و میلۆدییەکی نوێ جارێکی تر هەولێر پڕ بوو لە میوزیک.
میوزیسیانان و گرووپە هونەرییەکە و “فەرهەنگ غەفوور”ـی هونەرمەند و بەرپرس لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە كۆتایی كۆنسێرتەكە گۆرانییەكیان بۆ جوانیی و تەمەنی پڕ لە بەخششی ئەو هونەرمەندە چڕی.
شاڕوخ و گرووپە میوزیکیەکەی گوڵباران کران
“ئومێد خۆشناو” پارێزگاری هەولێر، لە دوا وێیستگەی چالاکییە هونەرییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاواندا، چەند خەڵاتێكی رێزلێنان پێشكەش بە گرووپی موزیك و هونەرمەند كرد، لە دوای ئەویشدا، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان چەند خەڵاتێكی بەخشیە گرووپی موزیك و هونەرمەند، هەروەها “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر چەپكە گوڵی ڕێز و وەفای بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پێشكەش بە هونەرمەند شاڕوخ كرد.