كارزان گلی – ههولێر
هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا، كاریگەرییەکی راستەوخۆی کردووەتە سەر ژیانی خەڵک. نرخی خۆراك بە جۆرێك گران بووە، ژیانی هاووڵاتی لەوپەڕی خراپیدایە، ماوەی چوار ساڵیشە حكوومەت هەوڵی چارەسەركردنی دەدات، بەڵام پێی چارەسەر نەكراوە. بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا، رێژەی هەڵاوسانی ئابووریی دوای چوار ساڵ دابەزی.
محەمەد شیمشەک، وەزیرە كوردەکەی كابینەی حكوومەتی توركیا و وەزیری دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتە رایگەیاند، دوای چوار ساڵ، بۆ یەكەم جارە هەوڵاوسانی ئابووری داببەزێ.
شیمشەک، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەکەی (X)ـدا بڵاوی كردووەتەوە، هەڵاوسانی ئابووری بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ بە رێژەی ٢٣٪ دابەزیوە، واتە گەیشتووەتە ٤٢٪.
ئەو شانازی بە هەنگاوەكانی وەزارەتەكەیەوە دەكات، دەڵێت ئێمە داكۆكیمان كرد كە دەبێت هەڵاوسان دابەزێت و ئەنجامەكەمان وەرگرت.
بەڵام رەوشی ئابووریی هاووڵاتیان هەر خراپە و تاوەكوو ئێستا نرخی نان و خۆراک هەر بەرزە و، نەکراوە دایبەزێنن، بۆیە هاووڵاتیان داوا دەكەن خۆراك هەرزان بێت.
ئەگەرچی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت هەڵاوسان كەم بووەتەوە بۆ ٤٢٪، بەڵام دامەزراوەی (ENAG) كە سەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ئەو ئامارانەی وەزارەتی دارایی و دەزگای ئاماری توركیا رەت دەكاتەوە و دەڵێت هەڵاوسان ٨١.١٪ و حكوومەت خەڵك چەواشە دەكات.
مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا، دەڵێت دژی ئەوەم جەهەپە خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی بەربژێری سەرۆكایەتی دیاری دەكات، چونكە جارێ زووە بۆ ئەو هەنگاوە، ئەوەی گرنگە لە توركیا و دەبێت جەهەپە تیشكی بخاتە سەر، رەوشی ئابووری و قەیرانی داراییە.
ئەم گوتانەی یاڤاش پێمان دەڵێت، سەرەكیترین پرس بە لای هاووڵاتیانی توركیاوە قەیرانی داراییە، بۆیە هەرچەندە وەزارەتی دارایی توركیا بڵێت هەڵاوسان كەم بووەتەوە، ئەگەر كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵك نەبێت و نرخ دانەبەزێت، هیچ بەهایەكی نییە.
بەگوێرەی ئەنجامی چەند دەزگایەكی راپرسی توركیا بێت، لەناویاندا دەزگای راپرسی (مێترۆپول)، سەرەكیترین كێشەی هاووڵاتی توركیا گرانی نرخە، كە هەراسانی كردوون و وای لێ هاتووە بەشێكی زۆری گەنجان و خاوەن بڕوانامە بەرزەكان، توركیا بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا جێ دەهێڵن.
شرۆڤەكارانی بواری ئابووری لە توركیا پێیان وایە، لە ٢٠٢٥دا، رەوشی ئابووری خراپتر دەبێت و باشتر نابێت، چونكە ستراتیژییەتی توركیا بەرەو سەربازییە، واتە بودجەیەكی زۆریان بۆ كەرتی سەربازی داناوە، ئەمەش كار دەکاتە سەر كەرتەكانی تر، بۆ نموونە كەرتی پەروەردە.
نرخی قوتابخانە ناحكوومییەكان لە توركیا، ١٠٠٪ بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دایك و باوكان، منداڵەكانیان دەربهێنن و بیانگوازنەوە بۆ ئەو قوتابخانانەی، كە حكوومین.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (ئۆكسجین)ی توركیا، خراپی رەوشی ئابووری و هەروەها قەیرانی دارایی وای كردووە، نرخی قوتابخانەی ناحكوومی زیاد بكات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، ژیان لە توركیا لە ڕووی ئابوورییەوە لەوپەڕی خراپیدایە.
بەڵام راستییەك هەیە پێویستە باس بكرێت، لە ٢٠٢٤، دەزگای (ENAG) بڵاوی كردەوە، هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا ١٢٠٪ــە، بەڵام ئێستا دان بەوەدا دەنێت كە ٨١.١٪ــە، كەواتە بە گوێرەی زانیاری و بەدواداچوونی ئۆپۆزسیۆنیش، رێژەی هەوڵاوسان بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە.