سەندیکای شوێنەوارناسانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، نیگەرانی خۆیان لە هەڵکۆڵینی نایاسایی گوندی شەناغەی ناوچەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکوک نیشانداوە و دەڵێن: ئەو هەڵکۆڵینە هەڕەشەیەکی جیددییه بۆ سەر شوێنەوارە دێرینه کان و ناسنامەی مێژوویی ئەم ناوچەیە.
سەندیکای شوێنەوارناسانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵکۆڵینی گوندی شەناغەی ناوچەی سەرگەڕان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: بەو هەڵکۆڵینە نا یاساییەی گوندی شەناغەی ناوچەی سەرگەڕان لەپارێزگای کەرکوک نیگەرانین.
سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق وچەند تاکێکی ئێرانی، هەڵکۆڵینی نایاساییان لە شوێنێکی دێرین ئەنجامداوە، ئەم کاره ته نها پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان نییه له باره ی پاراستنی میراتی کولتووری، به ڵکو هەڕەشەیەکی جیددییه بۆ سەر شوێنەوارە دێرینه کان و ناسنامەی مێژوویی ئەم ناوچەیە.
سەندیکای شوێنەوارناسان دەشڵێت: جگە لە لەناوبردنی پێکهاتە کۆنەکان و دزینی کەلوپەلی مێژوویی، هەڵکۆڵینی نایاسایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی زانیاری بەنرخی زانستی و ناسنامە، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، هاتنە ناوەوەی گرووپە سەربازییەکان بۆ ناو مەیدانی شوێنەوار، ئاسایشی ناوچەکە و سەربەخۆیی زانستی لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەخاتە مەترسییەوە.
داواش دەکات، ڕێوشوێنی خێرا و جیددی بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەم هەڵکۆڵینە و لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ بابەتەکە ئەنجام بدەن، کەسانی بەرپرسیار ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری بکەن، هەروەها پێشنیازی کردووە چاودێری زیاتر لەسەر شوێنە کۆنەکان بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو جۆرە وێرانکاریانە ڕوونەدات.
چەند ڕۆژێکە هێزێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە نێو زەویی جووتیارێکی کورد بەناوی ئەحمەد کانەبی دەستیان کردووە بە هەڵکەندن و چاڵێکی قووڵیان بە درێژی زیاتر لە شەش مەتر هەڵکەندووە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا تیمێک هاتوونەتە شوێنەکە و کەسی ئێرانییان لەگەڵ بووە و نەخشەیەکی گەورەیان لابووە، کە هی سەردەمی مەغۆلەکان بووە، گوتوویانە ئەم شوێنە زێڕێکی زۆری تێدا حەشار دراوە، ئەوهێزەش بەکەرەستەی هەڵکەندن و حەفارەوە لەدوێنێوە لەسەر ڕاسپاردەی تیمە ئێرانییەکە بەدوای ئەو زێڕەکەدا دەگەڕێن کە وتوویانە نزیکەی سێ تۆن زێڕ لەژێر ئەم زەوییە هەیە.