چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاریی تەرمی هەر 67 قوربانییەکەیان دۆزیوەتەوە، کە هەفتەی ڕابردوو لە ڕووداوی پێکدادانی هێلیکۆپتەرێکی سەربازی و فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر گیانیان سپاردبوو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیمەکانی فریاگوزاریی لە ئاوە سەهۆڵاوییەکانی ڕووباری پۆتۆماک بەردەوام بوون لە گەڕانەکانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی هەموو قوربانییەکان.
هەموو ئەو تیمانەی بەشداربوون لە پرۆسەی گەڕانەکەدا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، تەرمی هەر 67 قوربانی ڕووداوەکە دۆزرایەوە، ئاماژەیان بەوەش کرد، ناسنامەی هەموویان ئاشکرا کراوە جگە لە یەکێکیان نەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، ئێستا تیمەکانی فریاگوزاریی سەرنجیان لەسەردەرهێنانەوەی پاشماوەکانە کە لە ڕووباری پۆتۆماکدا ماونەتەوە.
بەرە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە،30ـی کانوونی دووەمی 2025، هێلیکۆپتەرێکی سەربازی خۆی بە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر لە فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕیگن دا کێشا، لە ئەنجامدا هەموو سەرنشینەکان گیانیان سپارد.