بۆ یەکەمین جارە پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ بە دروشمی “داهاتووی تەندروستیی ببینە” لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەرورەتیرین پێشناگای نێودەوڵەتی تەندروستی لە هەولێر کرایەوە.
زیاتر لە 150 کۆمپانیای نێودەوڵەتی و ناوخۆی تێیدا بەشدارن. پێشانگاکە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت کە نوێترین داھێنان و دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکانی تێیدا نمایش دەکرێت. لە پێشانگاکە زیاتر لە 100 ھەلی کار دەڕەخسێندرێت و بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت.
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، د. ئەنەس هاوار، ڕێکخەری پێشانگەی تەندروستیی مێدیکۆ، ڕاگەیاند، مێدیکۆ یەکەمین و گەورەترین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەندروستییە لە عێراق و کوردستان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
ئەو دکتۆرە گوتی: “پێشانگەکە، بە دروشمی “داهاتووی تەندروستیی ببینە”، پێشانگەیەکی تەواو ئایندەییە سەرنج دەخەینە سەر بابەتە تەندروستییەکان، بۆ نموونە ڕۆڵی ڕۆبۆت لەبواری تەندروستیی و نەشتەرگەریی، هەروەها پێشانگەکە لە ڕێککەوتی 5ـی شوبات تاکو 8ـی شوباتی 2025، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، بەڕێوە دەچێت.”
د. ئەنەس هاوار، ئاماژەی بەوەش دا “بۆ یەکەمین جار لە عێراق و کوردستان ڕۆبۆت لەو پێشانگەیە دەخرێتە ڕوو، کە ئەو ڕۆبۆتە دەتوانێت بتناسێت و گفتوگۆت لەگەڵ بکات، “AI”یەکی زۆر پێشکەوتووی تێدایە، هەروەها دەتوانێت وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت بداتەوە، یاخود نیشانەکانی نەخۆشییەکەت پێ دەڵێت و جۆری نەخۆشییەکەت دەستنیشان دەکات. زۆر بایەخ بە ژیریی دەستکرد دەدەین، بۆ ئەوەی نەخۆشێک لێرە چارەی نەخۆشییەکەی بکات نەک سەردانی ولاتێکی تر بکات.”