ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-02-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا چەندان تەوەر تاوتوێ دەکرێن، لەنێویاندا مووچەی فەرمانبەران، ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 04-02-2025، بڕی 958 ملیار و 12 ملیۆن و 332 هەزار و 759 دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی یەک (کانونی دووەم)ـی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕۆژی یەکشەممەش، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.
خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و بە تایبەت ئەو ماددەی ڕێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەدات، دەرئەنجامی گفتوگۆکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە بەغدا، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی عێراق.