عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی میللی مەحمود محەمەد، دوای 50 ساڵ خزمەتكردنی هونەری میللی كوردی، لە مەراسیمێكی تایبەتدا خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا و دەڵێت، هەستێكی زۆر خۆشی هەیە بۆ ئەم خەڵاتكردنە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و خانەوادەی هونەرمەند، مەراسیمێكی رێزلێنانیان بۆ هونەرمەندی میللی (مەحمود محەمەد) رێك خست و گوڵبارانیان كرد.
هونەرمەند مەحمود محەمەد، یەكێكە لە هونەرمەندە میللییە ناسراوەكانی شاری سلێمانی كە لە بواری هونەری میللیدا دەستێكی باڵای هەیە و سەدان بەرهەمی تایبەت بە خۆی هەیە و خزمەتێكی بەرچاوی هونەری میللی كردووە.
هونەرمەند مەحمود محەمەد بە (هەولێر)ـی راگەیاند “لەم رۆژەدا هەستێكی زۆر خۆشم هەیە، چونكە دوو جار خەڵات كرام جارێك بە خەڵاتكردنەكە و جارێكیش بە ئامادەبوونی ئەو خەڵكە خۆشەویستە”.
ناوبراو بە لایەوە گرنگە خزمەتی زیاتری هونەرمەندانی میللی بكرێت و وتی “ئەگەر هونەرمەندانی میللی بەم شێوەیە رێزیان لێ بگیرێت هونەری میللی زیاتر بەرەو پێشەوە دەڕوات، پەیامیشم ئەوەیە هەر هونەرمەندێك هونەری كوردی پێشكەش دەكات هاوكاری زیاتر بكرێت بۆ پێشخستنی هونەرەكەی”.
شێوازی كاری هونەری ئەم هونەرمەندە لە بواری میللیدا تایبەت و ناوازەیە، سەبارەت بەوەت دوای خۆی، هیچ هونەرمەندێك هەیە جێی بگرێتەوە، مەحمود محەمەد وتی “بەڵێ زۆر كەس هەیە لاسایی من دەكەنەوە و دەتوانن برەو بە هونەری میللی بدەن”.
خەیام، كوڕی هونەرمەند مەحمود محەمەد لە مەراسیمی رێزلێنانی باوكیدا ئامادە بوو بۆ (هەولێر) وتی “دڵخۆشی ئەم رۆژە باس ناكرێت، چونكە مەحمود محەمەد چ وەك باوكایەتی و چ وەك هونەرمەند، كەسایەتییەكی تایبەتە”.
خەیام و باوكی لەماوەی رابردوودا بەرهەمێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە كە بووە جێی رەزامەندی هەوادارانیان، خەیام وتی “بەهۆی كاریگەری باوكمەوە هاتمە بواری هونەرییەوە، بەڵام ئەم ماوەیە بەهۆی دەوامەوە كەمێك لە كاری هونەری دوور كەوتوومەتەوە”.
هەروەها وتیشی “بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ باوكم سەرقاڵی بەرهەمێكین و هیوادارین لە بەهاردا بڵاویان بكەینەوە”، دەربارەی ئەوەی ئایا دەتوانێت وەك “دەنگ” ستایلی باوكی دووبارە بكاتەوە، خەیام وتی “بێگومان وەك دەنگ ناتوانم هونەری باوكم دووبارە بكەمەوە”.