کشتوکاڵی مێرگەسۆر: لە مێرگەسۆر ١٥ هەزار پوورە هەنگ هەن

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ١٥ ھەزار پوورە ھەنگ ھەن، وەکو بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، دەڵێت، ناوچەکە لە بارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ و بەرھەمێکی باش دەدەن، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ساڵانە خەڵکی زۆر ڕوو لەو کارە بکەن.

ھەنگەوانی لە کوردستان لەم ساڵانەی دوایدا تەواو گەیشتووەتە قۆناغێکی بەرھەمھێن، ھەنگەوانان بەشێوەیەکی زانستی ھەنگەکانیان پەروەردە دەکەن، بەھۆی کەشوھەوا و گونجاوی لەوەڕگەکانی کوردستان، ھەنگ لەم وڵاتەدا بەرھەمەکەی کواڵێتییەکی بەرزی ھەیە و ئەمەش وایکردووە وڵاتان خواستیان لەسەری زۆر بێت.
ھەنگەوانی پیشەیەکە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی ١٠ ھەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ژمارەی ھەنگەکان لە دنیادا نزیکەی دوو ترلیۆن دەبێت و ساڵانە بە بەھای نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار بەرھەمیان ھەیە کە جگە لە ھەنگوین، ھەنگ پیتاندن بۆ زۆربەی گوڵی میوە و دانەوێڵەکان دەکەن کە بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، ھەنگ ھۆکاری بەرھەمھێنانی میوە و دانەوێڵەیە لە دنیادا.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی مێرگەسۆر ١٥ ھەزار پوورە ھەنگ ھەن، ئەو پوورە ھەنگانە ساڵانە بەرھەمێکی باش دەدەن، ھەر ئەوەش وای کردووە کە خەڵکێکی زۆری ناوچەکە کاری بە خێوکردنی ھەنگ بکەن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: بەردەوام لە مێرگەسۆر و ناوچەکانی دیکە کە دەکەونە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان خولی جۆراوجۆر دەکەینەوە و پسپۆری شارەزای ئەو بوارە دێنین و زانیاریان پێ دەدەین، بۆ ئەوەی ھەنگەوانان سوودی لێ وەرگرن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە داھاتوودا داھاتێکی باشتریان ھەبێت و باشتر بتوانن ھەنگەکانیان بەخێو بکەن.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، ئاشکراشی کرد: مێرگەسۆر ناوچەیەکی شاخاوییە، لەبارە بۆ بەخێوکردنی ھەنگ، بۆیە لە درێژەی کار و چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین لەسەر کردنەوەی ئەو جۆرە خولانە، خولی دیکەشمان ھەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا خولێکی دیکە لە ناحیەی مەزنێ دەکەینەوە، ھیوادارم بتوانین سوود بە ھەنگەوانان بگەینین و ئەوانیش بتوانن باشتر ھەنگەکانیان بەخێو بکەن، بۆ ئەوەی داھاتێکی باشتریان ھەبێت.