وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: یاسای چاكسازی بە باشی جێبەجێ دەكرێت. ڕۆتین بۆ سفر دابەزیوە

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێ، سیستمی تاكپەنجەرەیی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و یاسای چاكسازی بە باشی جێبەجێ دەكرێت، کە لەو چوارچێوەیەدا 14 هەزار كەس لە لیستی مووچەی كەمئەندامان دەرهێندراون و ڕۆتینیش بۆ نزیکەی سفر دابەزیوە.

كوێستان محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دەبێ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكان سیستمی تاكپەنجەرەیی پێڕەو بكەن بۆ نەهێشتنی ڕۆتینات و هاوكاریکردنی هاووڵاتیان، ئێمەش وەك وەزارەتی كار سیستمی تاكپەنجەرەییمان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆڕی پاراستنەوە دەست پێكردووە بۆ خزمەتی كەمئەندامان و خەڵكانی هەژار، پاشان بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر و ئەمەش بەشێكە لە چاكسازی و نەهێشتنی ڕۆتین”.
محەمەد گوتیشی: “لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، ڕۆتینمان نزیك كردووەتەوە لە سفر، لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە لیستی كەمئەندامانیشدا، 14 هەزار كەمئەندام كە پێشتر یان شایستە نەبوون یان كۆچی دوواییان كردووە لەگەڵ ئەوانەی ڕۆشتوونەتە دەرەوەی وڵات، لە لیستی مووچە دەرهێندراون، ئێستا بەپێی یاسایی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان هەموو كەمئەندامێك دەبێتە خاوەنی ناسنامەیەكی تایبەتی مەركەزی، کە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی تەواو بووە، لە هەڵەبجەش لە ماوەیەكی نزیكدا دەست پێدەكەین”.
“پێڕەوی دروستكردنی سەنتەرێكی تایبەت بە دەستنیشانكردنی ڕێژەی پەكەوتوویی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان تەواو بووە و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بە هەموو دۆسیەی فەرمانبەرانیشدا چووینەتەوە و تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی بە ناشایستەیی پلەیان بۆ بەستراوە و دەرماڵەیان بۆ خەرج کراوە. ڕێك خراونەتەوە”. كوێستان محەمەد وای گوت.
ناوبراو زیاتر دەڵێ:”لە هەموو وەزارەتەكان یاسای چاكسازی لە دەرماڵە و خانەنشینیی فەرمانبەران چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە تەواوی وەزارەتەكانیش دۆسییەكان لە تەواوبووندان و بە ڕێژەیەكی باش چاكسازی ڕۆیشتووەتە پێشەوە”.

ھەواڵی زیاتر