فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و بەردەستخستنی سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە، کە پشتبەستووە بە پێناسی دیجیتاڵی، ڕادەگەیەنێت. ئەم دەستپێشخەرییە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران جێبەجێ کراوە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی پڕۆسەیەکی سەردەمییانە بۆ ڕێکخستنی خشتە و کاروباری مووچە لە دامودەزگاکانی حکومەت.
ئامانجی ئەم سیستەمە ڕێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەکانی مووچەیە بەشێوەیەکی سەرانسەریی لە کەرتی گشتیدا لەڕووی کارایی و وردی و ڕوونییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردنی مووچە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت.
سەبارەت بە گرنگی ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە:
“ڕاگەیاندنی سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؛ بە پشتبەستن بە پێناسی دیجیتاڵی دەتوانین ژێرخانێکی بەهێز ئامادە بکەین بۆ ئەوەی کەرتی گشتی کاراتر، ڕوونتر و پارێزراوتر بێت.”
سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی حکومەتە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان و لە داتاسەنتەری ناوەندیی حکومەتی هەرێم، کە لەسەر ستانداردی T3ی جیهانی دامەزراوە، جێگیر کراوە تاوەکو گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشترین شێوە و بەپارێزراویی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی سیستەمەکە بگات.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە دروستکردنی تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی مووچە، بەمەبەستی باشترکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە.
سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە لەسەر دەستی لاوانی لێهاتوو و پیشەیی کوردستانەوە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە داڕێژراوە، کە پابەندبوونمان بە جێبەجێکردنی ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووپات دەکاتەوە.
بۆ دڵنیابوونەوە لە توانا و ئامادەیی بەکارهێنەران لە کارپێکردنی سیستەمەکە، هەزاران کارمەندی دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەت ڕاهێنراون و ئامادەکراون بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نوێیە، کە ئەمەش پرۆسەی گۆڕانکاریی و گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ ئاسانتر دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی سیستەمەکە بەردەستە و کاری پێدەکرێت، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن و شیکارکردنی داتاکانی ئەم سیستەمە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا و زانیاری پتەو و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی زیاتر، وەکو پۆرتاڵی خزمەتکردنی خودیی مووچەخۆران و ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی کار و چالاکی کە بەشێوازێکی ئاسان دەکرێت تێهەڵکێش بکرێن لەگەڵ ئەم سیستەمەدا.
ئەم بەرەوپێشچوونانە هۆکارێکن بۆ بەسەردەمیکردنی زیاتری کاروبارەکانی حکومەت و باشترکردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان.
هەروەها، بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری پابەندە بە ئەرکەکانی لە پێناو بەدیهێنانی حکومەتێکی شەفاف و کارامە کە تێیدا گرنگی تەواو بە هاووڵاتییان بدرێت